کوردستانی

"دەبێت ماف و داخوازییەكانی كرێكار لە كەرتی تایبەتدا پارێزراو بێت"

مەودا میدیا - سلێمانی |


 "دەبێت ماف و داخوازییەكانی كرێكار لە كەرتی تایبەتدا پارێزراو بێت"
مەودا میدیا-

لە دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە راگەیەندراوێکدا، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت " دەبێت ماف و داخوازییەكانی كرێكار لە كەرتی تایبەتدا بە باشی پارێزراو بێت".

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات، ئەمڕۆ یەكشەممە بە مەبەستی تاوتوێكردن و ئامادەكاری بۆ خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای كار لە هەرێمی كوردستان- عیراق، بە سەرپەرشتیی د. رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و هەردوو لیژنەی كاروباری یاسایی و لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ بەڕێوەچوو.

باس لەوەشکراوە، لە كۆبوونەوەكەدا كە كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئامادەی بوو گفتوگۆی ورد لەبارەی ناوەڕۆك و مادە و بڕگەكانی ناو پڕِۆژەیاساكە كراوە و سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاندووە "یاسای كار لە هەرێمی كوردستان بایەخ و گرنگییەكی زۆری هەیە، بەتایبەت لە رووی مافی خانەنشینی و دابینكردنی بیمەی ژیان و تەندروستی و كۆمەڵایەتییەوە، ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان جەختدەكەینەوە لەوەی كە پێویستە یاسای كار پارێزەری سەرجەم مافە ڕەواكانی كرێكاران بێت لە تێكڕای سێكتەرە جیاوازەكاندا.

هاوکات سەرۆكی پەرلەمان جەختیكردووەتەوە "دەبێت ماف و داخوازییەكانی كرێكار لە كەرتی تایبەتدا بەباشی پارێزراوبێت لەپێناو ھاندان و بەھێزكردنی كەرتی تایبەت و رەخساندنی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجان و سوود وەرگرتن لە بەھرە و تواناكانیان لە سێكتەرەكانی پیشەسازی، كشتوكاڵ و خزمەتگوزارییە گشتییەكانی دیكەدا".

ر. ئ

Qaiwan
Qaiwan