کوردستانی

وەزارەتی کارەبا: هیچ بڕیارێک بۆ بڕینی کارەبای ئەو هاوبەشانە نییە، قەرزی زۆریان لایە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی کارەبا: هیچ بڕیارێک بۆ بڕینی کارەبای ئەو هاوبەشانە نییە، قەرزی زۆریان لایە
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

سەبارەت بە قەرزی هاوبەشانی کارەبا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم رایدەگەینێت، هاوبەشانی کارەبا زیاتر لە ترلیۆنێک دینار پارەی کارەبا قەرزدارن، پێدانەوەی ئەو قەرزانەش وەک پێویست نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بڕیارێک نییە بۆ بڕینی کارەبای ئەو هاوڵاتییانەی قەرزی زۆریان لەسەر کەڵەکەبووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئابی 2022 ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ مەودا میدیا رایگەیاند "لەئێستادا  بەشێوەیەکی رۆژانە 3500 میگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنین، لە کۆتایی ئەمساڵدا ، 500 مێگاوات کارەبای نوێ دێتە ناو تۆڕی نیشتیمانی کارەبا، لە ساڵی داهاتوش 500 مێگاوات کارەبا، ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەباشمان، 6700 مێگاواتە و بەردەوام دەبین لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا".

ئەوەشی روونکردەوە "زیاتر لە یەک ترلیۆن دینار هاوبەشانی کارەبا پارەی قەرزیان  لایە، بەراورد بەو قەرزەی پارەی کارەبامان لای هاوڵاتییانە دانەوەیان لە ئاستی پێویستدا نییە".

دەشڵێت "بەپێی یاسا هەر هاوبەشێکی کارەبا لە سێ پسوڵە بۆی دەچێت پارەی نەدا، ئەوە فەرمانگەی کارەبایی ئەو شوێنە بەپێ یاسا دەتوانێت کارەباکە ببڕێت، بەڵام ئێمە تائێستا کارەبای هیچ شوێنێکمان نەبڕیوە و بگرە کارئاسانییمان کردووە بۆ قەرزدارانی کارەبا بە قیست پارە بدەنەوە و هیچ بڕیارێک نییە بۆ بڕینی کارەبای ئەو ماڵانەی کە قەرزی زۆریان لەسەر کەڵەکەبووە.

ر. ئ

Qaiwan
Qaiwan