کوردستانی

ئاسایشی سلێمانی سكاڵا لەسەر پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ تۆماردەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئاسایشی سلێمانی سكاڵا لەسەر پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ تۆماردەكات
مەودا میدیا-

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی ناوزڕاندن و بەخشینەوەی تۆمەت بۆ هێزەکانیان  و پشتیوانیکردن لە تیرۆریستان سکاڵای یاسایی لەسەر پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ و پەیامنێرێکی کەناڵی NRT تۆماردەکەن.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد "ئاسایشی سلێمانی وەک دەزگایەکی نیشتیمانی بەرپرسیار و پابەند بەیاسا بەرکارەکانی ھەرێم و پرنسیپه‌كانی ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ، ئەرکی دابینکردنی ئاسایش و ئارامی خەڵکی کوردستان، شاری سلێمانی بەتایبەتی بەئەمانەتەوە بەجێدەگەیەنێت و تواناو ھێزی ھەواڵگری و سەربازیمان خستووەتە خزمەتی خەڵکەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ھێزەکانمان ھەردەم ماندوونەناسانە لەهەوڵ و هیمەتی بەردەوامدان لەپێناو پارێزگاری لە سەرو ماڵی هاوڵاتییان، لەو پێناوەشدا درێغیمان نەکردووە و نایکەین لە رووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەم گەلە لە تیرۆریستان و یاسا شکێنان و ھەڵھاتوان لە دادگە، کەئەمە ئەرکی ئێمەیەو دڵسۆزانە رایدەپەڕێنین".

ئەوەی جێی داخە کەسانێک لەژێر چەتری هەندێک کۆمپانیا و لایەنی سیاسی یان پیشەی پیرۆزی راگەیاندنکاریدا لێرەو لەوێ پشتیوانی تیرۆریستان و دوژمنانی ئەم گەلە دەکەن، بە تۆمەتی ناڕەوا هەوڵی لەکەدارکردنی هێزەکانمان دەدەن و بوختان و ھەواڵی ناڕاست دادەتاشن، ئاسایشی سلێمانی وادەڵیت.

جەختیشدەکاتەوە "بۆکۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی رووندەکەینەوە بەھای هێزەکانی ئاسایش بەو جۆرە کەسە ئاست نزمانە لەکەدار نابێت کە بەبێ بەڵگە و زانیاری دروست ژەھری پڕوپاگەندە بڵاودەکەنەوە کە  بەمەرامەکانشیان رووی ناشرینی تیرۆریستان بە قسە و پشتیوانی ئەو جۆرە کەسانە ئارایشت نابێت ".

بۆھەموولایەکی رووندەکەینەوە لەبەرانبەر چەندین جار دووبارە بوونەوەی ئەم تۆمەت بەخشینەوانە و دانانی سنورێک بۆ ئەو جۆرە کەسانە، وەک بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی رێکار و سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین دژ بە هەریەک لە:

- ( محەمەد ئیسماعیل عومەر ) کە لەژێرناوی کاری پەرلەمانیدا هەستاوە بە بەخشینەوەی تۆمەتی ناڕەوا بۆ هێزەکانی ئاسایش.

- کاروان محەمەد، پەیامنێری کەناڵی NRT کە لە سۆشیال میدیادا بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ تیرۆریستان راگەیاندووە.

دەشڵێت "لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی سەرەڕای بانگەشەی لەیاسا دەرچوان و هەوڵی نەزۆکی تیرۆریستان بەردەوام بەپاڵپشتی یاساو دەسەڵاتی دادوەری بە پشیوانی خوای گەورە و خەڵکی کوردستان لە خەمی پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتییاندا دەبین و لەپێناو سەقامگیری و ئارامی ھەرێم شەونخونی دەکەین و بەگیانی خۆمان ئارامییەکەمان دەپارێزین .

ر. ئ

Qaiwan
Qaiwan