کوردستانی

پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەگۆڕێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەگۆڕێت؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگار روونکردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت پێشوازیی لە هەر هەنگاوێک بۆ گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی ئابی 2022 هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "پێشتر بەر لە کۆتاییهاتنی چوارساڵ کارکردنمان لەم پۆستەدا بە فەرمی داوای بەخشینمانکردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد "لەگەڵ ئەوەی لەڕووی یاساییەوە دەتوانین بەردەوامبین تاوەکو هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ، لە هەمانکاتدا پێشوازیی لە هەر هەنگاوێک بۆ گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی دەکەین چ لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان خۆیەوە یان بەڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە بەشدارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی".

پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو "پابەندی هەر رێککەوتنێکی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبین کە لەنێوانیاندا کراوە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan