کوردستانی

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی ئاشکرابوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


 ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی ئاشکرابوو
مەودا میدیا-

ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی راپۆرتێکی زارەکی لەسەر دۆخی گشتیی ھەرێم بەتایبەت گوزەران و ژیانی خەڵکی کوردستان، عیراق، ناوچەکە، پرسی رێکخراوەیی و حزبی و پەیوەندییەکانى حزبه‌كه‌ لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان و روئیای یەکێتی بۆ داھاتوو پێشکەشکرد، پاشان بڕیاردرا سیسته‌می هاوسه‌رۆكی نه‌هێڵدرێت.

ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ئەنجومەنه‌كه‌ كۆبووته‌وه‌ و بافڵ جەلال تاڵەبانی راپۆرتێکی زارەکی ھەمەلایەنەی لەسەر دۆخی گشتی ھەرێم بەتایبەت گوزەران و ژیانی خەڵکی کوردستان، عیراق، ناوچەکە، پرسی رێکخراوەیی و حزبی، پەیوەندییەکانى یەکێتی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەکان، روئیای یەکێتی بۆ داھاتوو، پێشکەشکرد و تێیدا ئامادەبوانی بەرچاوڕونکرد لە دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابووری، ئەمنییەکان و رایگەیاند، "یەکێتی وەک ھێزێکی بەرپرسیار، دەربەست بە مافە نەتەوەییەکان و بەرپرسیاری نیشمانی لەسەر یەک ھێڵی ستراتیژی کوردستانی سیاسەتی خۆی بە ئەمانەتەوە جێبەجێکردوە". 

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی "لە ھەرێم ھەوڵمانداوە یەکڕیزی نیشتمانی بپارێزین و کاربکەین بۆ بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم و ھەم لە عیراقیشدا توانیومانە ئەرکە نیشتمانییەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین لەسەر بنچینەی تەوافق و ھاوبەشێتی راستەقینە و پاراستنی بنەماکانی دەستوور، کە سەرۆک مام جەلال و باوکە دامەزرێنەرەکانی دیموکراسی لە عیراقی نوێ بناغەیان داناوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "ئەم سەنگەی یەکێتی لە سیاسەتی عیراقیدا بەرھەمی یەکڕیزی سەرکردایەتی و یەک سیاسەتی حزبەکەی سەرۆک مام جەلالە و دەست خۆشی ئەو یەکڕیزی و گیانی بەرپرسیارێتییە حزبییەی لە ھەموو ھەڤاڵانی سەرکردایەتی ده‌كه‌م کە ئێستا وای لێھاتو ھەوو لایەنەکان متمانە بە سەنگ و پێگە و وتاری یەکێتی بکەن".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "ئه‌ندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە گفتوگۆکانیاندا دەست خۆشیان لە بافڵ تاڵه‌بانی و تیمی یاوەریکرد لە بەغدا کە سیاسەتەکانی ماوەی رابردوو پێگەی یەکێتی وەک زەمانی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال بوژاندووه‌تەوە و سەنگی سیاسەتی کوردستانی لە عیراق و ناوچەکە بەرزکردوه‌تەوە".

روونیشیكراوه‌ته‌وه‌، بەپێی ئەجندای کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر تەوەرەی راسپاردەکانی دیداری یەکێتی و ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆ  کرا، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی روونیکردەوە کە راسپاردەکان بەسەر 13 لیژنەدا دابەشکرابوون و گەڵاڵەی بیروبۆچونی ھەزاران کادر و تێکۆشەری دێرین و نوێی یەکێتییە لە ھەموو ئاست و بوارەکان، تەنانەت دۆستانی یەکێتیش لە ئەکادیمست و پسپۆڕان بەشداریان تێداکردبوو کە ئەمە دیاردەیەکی دیموکراسی حزبییە جێی دڵخۆشییە.

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ئەنجومەنی سەرکردایەتی دوای گفتوگۆ سەرجەم راسپاردەکانی دیداری یەکێتی پەسەندکرد و ئۆرگان و دامەزراوەکانی  یەکێتی راسپارد ھەریەکە و لەلایەن خۆیەوە جێبەجێیان بکات، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆ  بەگوێرەی ھەلومەرجی نوێی ژیانی حزبایەتی یەکێتی.

په‌یوه‌ست به‌ گۆڕانكاریه‌كان، له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "لیژنەی پەیڕەو سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەی خستەبەردەم ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە بۆ گەشەکردنی ژیانی حزبایەتی یەکێتی پێویستن دوای گفتوگۆی تێروتەسەل پەیڕەوە نوێکە پەسەندکرا و پاشان بەگوێرەی پەیڕەوی نوێی کە سیستمی ھاوسەرۆکی نەھێشت، بۆ تەئکیدکردنەوەی ئاسایی و نەریتی حزبایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، خۆی کاندیدکرد بۆ ئەرکی سەرۆکایەتیی یەکێتی و ئەنجومەنی سەرکردایەتیش بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  ھەڵبژارد".

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan