کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە: پەکەکە بەردەوام هەڕەشە و مەترسییە لەسەر هەرێم

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی پێشمەرگە: پەکەکە بەردەوام هەڕەشە و مەترسییە لەسەر هەرێم
مەودا میدیا-

وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەینێت، لەو كاتەی هەرێمی كوردستان دروست بووە پەكەكە هەمیشە سەرچاوەی هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە و بە ناهەق رێگر بووە لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی میدیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەداتەوە و پەکەکە بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێم تۆمەتباردەکات و دەڵێت "لە هەمانكاتیشدا پەكەكە رێگەی بە خۆی داوە ناو و نیشانی ناوچە و چیا و دۆڵەكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت و ناوی سەیر و سەمەرە و نامۆ بۆ ئەو ناوچانە دابنێت. هەروەها لە كردەیەكی نامرۆڤانە و دژە ژینگەییدا چەكدارانی پەكەكە هەستاون بە مینڕێژكردنی رێگەوبان و دۆڵ و كانیاو و دارستانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كە مەترسییەكی زۆری بۆ خەڵكی ئاسایی و كاسبكار و گوندنشینەكان دروست كردووە. هەر بەهۆی بوونی نایاسایی پەكەكە لەسەر خاكی هەرێمی کوردستان بەشێكی زۆری خەڵكی ناوچە سنوورییەكان موڵك و ماڵی خۆیان بەجێهێشتووە".

دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:


روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی

ماوەی چەند رۆژە جارێكی دیکە میدیاكانی سەر بە پەكەكە دەستیان داوەتە هەڵمەتێكی چەواشەكاری لەدژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وای بڵاو دەكەنەوە كە گوایە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی چیاكانی ئامێدی و زاب رێگەیان بۆ سوپای توركیا خۆشكردووە بۆ شەڕكردن لە بەرانبەر چەكدارانی پەكەكە. لێرەدا بە هەموو لایەك رادەگەیێنین كە:

1. هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستووری و سیاسییە و بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانە. لەو كاتەی هەرێمی كوردستان دروست بووە پەكەكە هەمیشە سەرچاوەی هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە و بە ناهەق رێگر بووە لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند. لە هەمانكاتیشدا پەكەكە رێگەی بە خۆی داوە ناو و نیشانی ناوچە و چیا و دۆڵەكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت و ناوی سەیر و سەمەرە و نامۆ بۆ ئەو ناوچانە دابنێت. هەروەها لە كردەیەكی نامرۆڤانە و دژە ژینگەییدا چەكدارانی پەكەكە هەستاون بە مینڕێژكردنی رێگەوبان و دۆڵ و كانیاو و دارستانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كە مەترسییەكی زۆری بۆ خەڵكی ئاسایی و كاسبكار و گوندنشینەكان دروست كردووە. هەر بەهۆی بوونی نایاسایی پەكەكە لەسەر خاكی هەرێمی کوردستان بەشێكی زۆری خەڵكی ناوچە سنوورییەكان موڵك و ماڵی خۆیان بەجێهێشتووە.

2. پەكەكە شەڕی هێزەكانی توركیای پێ ناكرێت و بەردەوام ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هێزەكانی توركیا چۆڵ دەكات و هێزەكانی توركیا بەدوای خۆیاندا دێنن. ئەوە لە حاڵێكدایە ئەگەر ململانێ و شەڕێكیش لەنێوان توركیا و پەكەكە هەبێت ئەوە گۆڕەپانی شەڕ دەبێ لەناوخۆی توركیا بێت.
3. میدیاكانی پەكەكە لە دوورەوە وێنەی چەند ئۆتۆمۆبیلێكی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان بڵاوكردووەتەوە و ئیدیعای ئەوە دەكەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان رێگەی بۆ هێزەكانی توركیا خۆش كردووە. وێڕای ئەوەی جەخت لەوە دەكەینەوە كە ئەو ئیدیعایە هیچ بنەمایەكی نییە، راشیدەگەیەنین هێزی پێشمەرگەی كوردستان مافی خۆیەتی لەسەر خاكی خۆی مومارەسەی دەسەڵات و ئەركەكانی خۆی بكات و پارێزگاری لە خاك و خەڵكی كوردستان بكات. بەڵام پرسیار ئەوەیە هێزەكانی پەكەكە بە چ حەقێك لەسەر خاكی هەرێمی كوردستانن و دەستی هێزەكانی توركیاش بەدوای خۆیاندا رادەكێشن؟ بۆچی ناچنەوە ناوخۆی توركیا و هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان دروست دەكەن؟

سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan