کوردستانی

داوادەکرێت لیوا هاوبەشەکان لەم ناوچانە جێگیربکرێن

مەودا میدیا - سلێمانی |


داوادەکرێت لیوا هاوبەشەکان لەم ناوچانە جێگیربکرێن
مەودا میدیا-

جێگری دووەمی سەرۆکی پەڕلەمانی عیراق بە تووندی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستیانە دەکات کە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا گوندەکانی ناحیەی لەیلانی لە پارێزگای کەرکوک کردووەتە ئامانج، لە رفاندن و کوشتنی گەنجانی کورد و رێگەگرتن لە جوتیارانی ناوچەکە لەئەنجامدانی کارەکانیان.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پەیامێکدا رایگەیاند "بەپرسیارێتی دۆخەکەو شکستهێنانی کۆنتڕۆڵکردنی دۆسیەی ئەمنیی و دووبارەبونەوەی پێشێلکارییەکان و کەوتنەوەی قوربانی لە هاوڵاتییانی سڤیلی ئەو ناوچانە کە ماوەی چەندین ساڵە سەقامگیرە، دەخەینە ئەستۆی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و ئیدارەی پارێزگاکە، لەکاتێکدا بە تووندی ئیدانەی کردنە ئامانجی گوندە کوردییەکان دەکەین لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، هێشتا هەڕەشەو تۆقاندن و ناڵاندن بەدەست تەعریب و هەوڵەکانی گەڕانەوەی وافدین بۆ ناوچە کوردییەکان بەدەوامە".

ئەوەشی خستەڕوو "داوا لەحکومەتی ئیتحادی دەکەین پەلەبکات لەبڵاوەپێکردنی لیوا هاوبەشەکە لەوناوچانە، لەگەڵ ئەوەی لیواکە ماوەی چەند مانگێکە پێکهێنراوەو، بە پێویستشی دەزانین فەرمانی بڵاوەپێکردن دەربچێت بۆ گێڕانەی ئاسایش و سەقامگیری لە کەرکوک، لەگەڵ گرنگی بەشداریکردنی هێزەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لەناوچە تێکەڵەکان کە رووبەڕووی کردەوەی تیرۆریستی چەندبارە بوونەتەوە".

باسی لەوەشکرد "تەئکیدیش لە گرنگی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی پێویست دەکەینەوە بۆ رێگرتن لە دووبارەبونەوەی کردەوە تیرۆریستییەکان و پاراستنی گیانی هاوڵاتییان لە سەرجەم ناوچەکانی کەرکوک".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan