کوردستانی
ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێم فەتوایەکی نوێ دەدات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان فەتوایەكی نوێی دەركرد کە تایبەتە بە حوكمی شوانكارەیی بۆ بەخێوكردن و لەوەڕاندنی ئاژەڵ لە سەر بەشێك لەسەر و بەروبوومەكەی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.
ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان فەتوایەكی نوێی دەركرد کە تایبەتە بە حوكمی شوانكارەیی بۆ بەخێوكردن و لەوەڕاندنی ئاژەڵ لە سەر بەشێك لەسەر و بەروبوومەكەی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.
ئەمڕۆ هەینی 2ی ئەیلولی 2022 ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ژمارەیەك مامۆستایانی ئایینی و هاوڵاتی پرسیاریان كرد سەبارەت بە حوكمی شوانكارەیی بۆ بەخێوكردن و لەوەڕاندنی ئاژەڵ لە سەر بەشێك لەسەر و بەروبوومەكەی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو ئەنجوومەن دوای لێكۆڵینەوەو گەڕانەوە بۆ سەرچاوەكانی فیقهی ئیسلامی و فەتواو ئیجتهاداتی زانایان و مەبەستە باڵاكانی شەریعە وەڵامی دایەوە".
لە وەڵامەكە ئەوەوتراوە "ئەم مامەڵەیە هەرچەندە لە دێر زەمانەوە لە هەندێ ناوچەی كوردستان و لە لایەن هەندێك لە خاوەن پارەوە مەڕدارەكانەوە ئەنجام دراوە، بەڵام لەلای جمهوری زانایان و هەر چوار مەزهەبی ئەهل و سوننەت و لەناویان مەزهەبی خۆمان ئیمامی شافیعی، مامەڵەیەكی نادروستە و هەر لە دێر زەمانیشەوە هەمیشە مامۆستایانی ئاینی و زانایانی شەرعزان خەڵكیان لە نادروستی ئەم بابەتە ئاگادار كردووەتەوە".
لەبارەی نادروستی ئەو جۆرە مامەڵیە چەند هۆكارێك روون كراوەتەوە بریتین لەوانە:
1. ئەم مامەڵەیە مامەڵەیەكی تێكەڵاوە لە ئیجارەی فاسید و جەعالەی فاسید و شەریكایەتی بە مەرجی مامەڵەیەكی دیكە، چونكە لەم مامەڵەیەدا ئەو بەرامبەرەی (عوچ) كە ڕێك كەوتوون لە سەری دیار نییە و ئەگەر ئەندازەی كرێ لە ئیجارەدا یان (جُعل) لە جیعالەدا دیار نەبوو ئەوە ئەو مامەڵەیە فاسید دەبی، هەروەها دروست نییە دوو مامەڵە لە مامەڵەیەكدا یان مامەڵە بەشەرتی شەریكایەتی .
2. ئەو مامەڵەیە چەند مامەڵەیەكە و تێكەڵكراوە، چونكە لە ئیجارەكە یان جەعالەكە شەرتی شەریكایەتی بەشەرت گیراوە لە سەرو بە روبومەكەی، ڕێی شەرعی و دروست بۆ دروستی ئەو مامەڵەیە ئەوەیە: كە ئەو مەڕو ماڵاتە بدات بە شوانەكە بۆ ئەوەی بە كرێیەكی دیاریكراوی بەرجەستە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بۆی بلەوەڕێنێ یان بە چەند سەرێكی دیاریكراو لەو سەرانەی كە ئەیداتێ بۆ لەوەڕاندنی لەو كاتەدا، وەك لە هاوشێوەی ئەم مەسئەلەیەدا زانایانی فیقهی ئیمامی شافیعی ئاماژەیان پێ كردووە لەوانە شێخی ئیبن حەجەری هەیتەمی .
سەبارەت بەو مامەڵانەی پێشتر بەم شێوەیە ئەنجام دراون یان بە نەزانی ئەنجام دەدرێن و دوایی بۆیان روون دەبێتەوە، پێویستە نرخی هاوشێوە بدرێت بە شوانەكە لە بری بەخێو كردنی ئەو ئاژەڵانە، ئەندازەی ئەو كرێیەش پێویستە بە پێی عورف و لە لایەن خەڵكی پسپۆڕ لە بەخێوكردنی ئاژەڵان دیاری بكرێت، هەر كەسێك لەمەودوا ئەو مامەڵەیە دەكات پێویستە شوانەكە بگرێت بە كرێیەكی دیاریكراو، یاخود هەر لەسەرەتاوە بیكاتە شەریكی خۆی و لەسەر رێژەیەك رێبكەون پاشان قازانج و زەرەر بە پێی ئەو رێژەیە هەردوكیان دەچنە ژێری.
س.ر
بیروڕا


