ئابووری
زستانێکی سەخت بەڕێوەیە.. رووسیا ئەوروپا رەقدەکاتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ململانێی رووسی- ئۆکرانی پێینایە مانگی حەوتەمیەوە خەریکە دەگۆڕێت بۆ "شەڕی ئابووری نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا".
چەند مانگێکە وڵاتانی ئەوروپا لە هەوڵی ئەوەدان بگەنە رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی پشتبەستن بە غازی رووسی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان کە بەهۆیەوە سامانێکی زۆری دەستدەکەوێت.
رۆژی هەیینی رابردوو، وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی نرخ بۆ كڕینی نەوت و غازی رووسی، ئەوەش لەپێناو کەمکردنەوەی داهاتی وزەی رووسیا، بەڵام رووسیا رەتیکردەوە کە بەو نرخەی ئەوان دیارییانکردووە نەوت و غازیان پێبفرۆشێت، ئەمەش دەرگەیەکی نادیار بەسەر شەڕەکەدا دەکاتەوە.
هاوپەیمانێتیی ئەمەریکی- ئەوروپی
کۆشکی سپی جەخت لەوە دەکاتەوە رووسیا وزە وەکو کارتی فشار بەرانبەر وڵاتانی ئەوروپا بەکاردەهێنێت.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا بە رۆیتەرزی وتووە "بەداخەوە هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە کەوا بە بەردەوامی رووسیا وزە وەکو چەکێک بەرانبەر بەکارهێنەرە ئەوروپیەکانی بەکاردەهێنیت".
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا رێککەوتوون لەسەر دڵنیایی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانیان لە بواری وزەدا.
بەپێی بەیاننامەیەکی لایەنی رووسی ئەمڕۆ شەممە هەناردەکردنی غازی ئەو وڵاتە بۆ ئەوروپا رادەگێریت، پێشبینی ئەوەش دەکرێت زستانێکی سەخت چاوەڕێی ئەوروپا بکات.
ر.ئ