کوردستانی

عارف شێروانی: ئەمساڵ نزیکەی 800 تۆن بەرهەمی هەنگوینمان دەبێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


عارف شێروانی: ئەمساڵ نزیکەی 800 تۆن بەرهەمی هەنگوینمان دەبێت
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف 

سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرهەمی هەنگوین زیاترە، بەڵام لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت کوێستانەکان بەرهەمی هەنگوین کەمە، ئەوەش بەهۆی رەشەبایەک کە لەم دواییەدا کوێستانەکانی گرتەوە.

عارف شێروانی، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوینمان زیاترە بەراورد بە ساڵی رابردوو"، وتیشی "بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان نزیکەی 800 تۆنە، لەکاتێکدا پارساڵ 700 تۆن بەرهەمی هەنگوینمان هەبووە".

ئاماژەی بەوەشکرد "پێشبینیمان دەکرد بەرهەم زۆر زیاتربێت، بەڵام ئەمساڵ لە کوێستانەکان لەو کاتەی لە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی باران و لافاو دروستبوو، لە کوێستانەکان رەشەبایەک هەڵیکرد، بووە هۆی ئەوەی هەنگەکان نەتوانن بە باشی کاری خۆیان بکەن ئەوەش بووە هۆی کەمبوونی بەرهەمی هەنگوین لە کوێستانەکان".

روونیشیکردەوە "لە کوێستانەکان هەنگەکان زیاتر پشت بە دوو جۆر گوڵ دەبەستن بۆ وەرگرتنی شیلە ئەوانیش گوڵی (گوێنی و تێشووە)، بەڵام ئەو رەشەبایە لەکاتی پێگەیشتنی ئەو گوڵانە دروستبوو و بووەهۆی لەناوچونیان"، دەشڵیت "بەڵام بەشێوەیەکی گشتی جێی دڵخۆشییە کە بەرهەمی هەنگوین لەمساڵدا زیاترە لە پار ساڵ".

ر. ئ


Qaiwan
Qaiwan