خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

هەدەپە.. بەشداریی دەسەڵات و دوورنەکەوتنەوە لە پەکەکە

1
پرسی بەشداریی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە لە دەسەڵات لە تورکیا، ماوەیەکی زۆرە بووەتە جێگەی باسوخواس، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ گۆڕینی دەستوور و دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیاش لە ساڵی 2018 بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە دەنگی هەدەپە هەبوو، تەنانەت داوای بەشداریکردنیشی لێکردن، بەڵام هەدەپە رەتیکردەوە، کاتێکیش هەڵبژاردن ئەنجامدرایەوە، هەدەپە نزیکەی 20 کورسی کەمیکرد، ئەوە نزیکترین زیانی کورتمەودای بڕیاری بەشدارینەکردنیان لە حکومەت بوو.

2
گورسەل تەکین، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە رۆژی یەکشەممە 4ی ئەیلولی 2022 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا و لە وەڵامی پرسیاری ئەوەدا ئەگەر جەهەپە دەسەڵاتی گرتەدەست، ئامادەن وەزارەت بدەنە هەدەپە؟ وتی "بێگومان دەتوانرێت وەزارەت بدرێتە هەدەپە." بۆ ئەوەش هۆکاری زۆری باسکردن، بەڵام هیچیان راستەوخۆ پەیوەندییان بەوەوە نەبوو کە ئەوە بکەنە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد.

3
بەناوهێنانی سەرکردەکانی مێزی شەش کەسی یان پارتەکانیان لات رووندەبێتەوە بە ئاشکرا و لە چوارچێوەی ستراتیژدا نایانەوێت لە کورد نزیکببنەوە، ئەوەش دوو هۆکاری سەرەکیی هەیە؛ هەدەپە پەکەکەی شارە و رێکخراوێکی تیرۆریستییە "لای ئەوان"، نایانەوێت شوناسیی سیاسیی بدەنە دۆزەکە و کورد وەکو نەتەوە ببینن.

4
زۆری نەبرد وەڵامی پەرلەمانتارەکەی جەهەپە درایەوە...
یاوز ئاگرعەلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئیی پارتی کە میراڵ ئاکشنەر سەرۆکیتی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر وەڵامی دایەوە و وتی "ئەم جۆرە لێدوانانە راست نین، هەرگیز بە کارێكی لەو جۆرە رازی نابین، ئێمە هەرگیز لەگەڵ هەدەپەدا نابین کە ناتوانێت پەکەکە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناوببات".

5
ئیی پارتی ژمارەیەکی قورسە لەناو هاوپەیمانێتیی مێزی شەش کەسی، دووەم گەورە هێزە لەڕووی ژمارەوە، میراڵ ئاکشنەر لە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا- مەهەپە جیابووەتەوە و چاوی لەوەیە دەنگی زۆرینەوی نەتەوەپەرستەکان بۆ خۆی ببات، یەکێک لەو رێگەیانەش دژایەتیکردنی (کورد، پەکەکە و هەدەپە)یە و لای ئەوان هیچ جۆرە جیاوازییەکی نییە.

6
بەشداریکردنی هەدەپە لە دەسەڵات، لەدەست خۆی نییە، بەڵکو ئەوە پەیوەندیی بە قەندیلەوە هەیە، لەوەشدا کە دەڵێن پەکەکە و هەدەپە یەک پارتن دیسانەوە تورکەکان راستن، بەڵام کێشەکە لە عەقڵیەتی سیاسیی تورکدایە کە بوونی کورد رەتدەکاتەوە وەک نەتەوە و وەکو مەترسییەکی گەورە لەسەر یەکپارچەیی نەتەوە و خاکی تورکیا دەیبینێ، ئەمەش بووەتە گرێیەکی سیاسیی گەورە و کەسیان نایانەوێت بیکەنەوە..

لەبەردەم ئەو ستراتیژەی تورکدا، هەدەپە و پەکەکە ناتوانن خۆیان لەیەک جیابکەنەوە، راستە کاریگەریی خراپی لەسەر بەرەوپێشنەچوونی دۆزی کورد هەیە، بەڵام لانیکەم لەئێستادا تاکا رێگەیە بۆ بەرگریکردن لە مانەوەی کورد.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan