کوردستانی

دەستگیرکردنی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر راگەیەندرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەستگیرکردنی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر راگەیەندرا
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی شکست بە پیلانێکی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەهێنێت و دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیردەکات.

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی هاتووە "لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و بازرگانانی ئەو مادانە، لە دوو چالاکی جیادا دەستبەسەر بڕی (16) کگم مادەی هۆشبەری جۆری (تلیاک)دا گیرا".

ئاماژە بەوەشکراوە "بەسەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە مادەیەکی هۆشبەر کە زیان بە ئابووری هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و کاریگەری خراپ لەسەر کۆمەڵگە دروستدەکات، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە دوو چالاکیدا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەردا گرت".

ئەوەشخراوەتەڕوو "لە چالاکی یەکەمدا دوای لێکۆڵینەوەی ورد و بەدواداچوون هێزەکانی ئاسایش بە فەرمانی دادوەر لە 2022/7/29 لە بۆسەیەکدا دەست بەسەر بڕی 16 کگم مادەی ( تلیاک )دا گیرا کە لەناو (غەتاس)ی ئاودا شاردرابوویەوە و تۆمەتبارێکیش بەناوی ( أ ، ك ، ح ) دەستگیرکرا، تۆمەتبار لە دایکبوی 1993ی هەولێرە، ئۆتۆمۆبێلێکی جۆری (شیری) پێبووە، لە بازگەیەکی دەروازەی شاری سلێمانی دەستگیرکراوە و بەپێی زانیارییەکان ئەو ماددانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هێنرابوون".
 
ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەکرد "لە چالاکی دووەمدا هێزەکانی ئاسایش دوای لێکۆڵینەوەی وورد لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە رۆژی 2022/7/31 تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە دانیشتووی شاری (بۆکان)ە بە رەگەز کوردە و لەدایکبووی  1970 بە ناوی (م ، م ، أ) خێزاندارە، تۆمەتبارەکان بەنیازبوون لە شاری سلێمانییەوە تلیاکەکە بگوازنەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان".

ئەوەش هاتووە "بە فەرمانی دادوەر بەپێی مادەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون و دەستبەسەر تلیاکەکەدا گیراوە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan