کوردستانی

بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەتدەکرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەتدەکرێتەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەنجومەنی نوێنەرانی ماستەر و دکتۆرای دانەمەزراو لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایی دەردەبڕن لەبارەی ئەوەی کە پرۆسەی دامەزراندنیان دراوەتە ئەنجومەنی راژە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە.

سەرهەد شێخە، نوێنەری دانەمەزراوانی خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئێمە وەکو هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆراى دانەمەزراو ماوەى پێنج ساڵە بەشێوەیەکى رێکخراو و عەقڵانى و بە رەچاوکردنى شکۆى حکومەت و سەقامگیرى کۆمەڵگە هەوڵى دامەزراندن و بەدەستهێنانى مافەکانمان دەدەین، خۆشبەختانە ساڵێک و دوو مانگ لەمەوبەر ئەنجومەنى وەزیران و بەرپرسە باڵاکانى حکومەت گەیشتنە ئەو بڕوایەى کار لەسەر دامەزراندنمان بکەن، پاش نووسراوى فەرمى ئەنجومەنى وەزیران و زانکۆکان و وەزارەتەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دارایى و ئابوورى و پلاندانان و ئامادەکردنى لیستى تێروتەسەل و وردبینیکراو و خستنە بەرنامەى کارى ئەنجومەنى وەزیرانەوە".

ئاماژەی بەوەکرد "رۆژی 7ی ئەیلولی 2022 ئەنجومەنى وەزیران پرۆسەى دامەزراندنمانى بە ئەنجومەنى راژە سپارد، لەکاتێکدا ئەنجومەنى راژە نە هەیکەلیەت و ستافى هەیە نە بەرنامە و ئەجنداى کارکردنى دیارە و نە پێشینەى دامەزراندنیشى هەیە، بۆیە پێمانوایە سپاردنى کەیسەکەمان بە ئەنجومەنى راژە گەڕانەوەیە بۆ پڕۆسەیەکی رۆتینی ناپێویست کە لە پێشتردا ڕێکاری پێویست و کارگێڕیى و یاسایی بۆ ئەنجامدراوە، هەروەها دەستاودەستپێکردنى کەیسەکەمان و لەباربردنییەتى".

سەرهەد شێخە وتی "ئێمە دواى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى نوێنەرانى هەڵگرانى ماستەر و دکتۆراى دانەمەزراو کە لە 20 کەس پێکهاتووین و نوێنەرایەتى هەموو ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکانى کوردستان دەکەین بڕیارماندا بە rەتکردنەوەى ئەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزیران و داوادەکەین تا رۆژى دووشەممە 12ی ئەیلولی 2022 ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەم بڕیارەیدا بچێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەنجومەنى وەزیران پێداچوونەوە بەم بڕیارەیدا نەکات ئەوا رۆژى سێشەممە 13ی ئەیلولی 2022 لەبەردەم ئەنجومەنى وەزیران خۆپیشاندانى بەرفراوان ئەنجام دەدەین تا دەگات بە بژاردەکانى مانگرتنى بەردەوام و ئاگادارکردنەوەى کونسوڵخانەى وڵاتان و سووتاندنى ئەو بڕوانامەکانمان".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan