کوردستانی

"هەندێک رۆژ کاتژمێر 10:00ی شەو دەست لە کارکردن هەڵدەگرین"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"هەندێک رۆژ کاتژمێر 10:00ی شەو دەست لە کارکردن هەڵدەگرین"
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی رایگەیاند، لەدوای فەرمانەکەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کارئاسانییەکی زۆر بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت و رۆتینات نەهێڵدراوە، و رۆژی وا هەیە تا کاتژمێر 10:00ی شەو لە دەوام دەمێنینەوە.

ئەمڕۆ شەممە عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی لە لێدوانێکدا تایبەت بۆ مەودا میدیا رایگەیاند "شەو و رۆژمان خستووەتەسەریەک بۆ ئەوەی لە کورترین ماوەدا ئەو پرۆژانەی قوباد تاڵەبانی فەرمانی تەواوکردنیانیدا، جێبەجێبکرێن، بە جۆرێک هەندێك رۆژ کاتژمێر 10:00ی شەو لە دەوام تەواودەبین".

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی رایگەیاند، لەو 55 پرۆژەیەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئاماژەی پێدان، 20یان پرۆژەی نوێن، 35یشیان ئەوانە بوون كە سستی لە بەڕێكردنی كارەكانیان لە فەرمانگەكاندا هەبووە.

لە رووی جۆری پرۆژەکانەوە وتی "لەو پرۆژانە 18 پرۆژەیان پرۆژەی نیشتەجێبوونەوە، پرۆژەکانی دیکەش لە سێکتەرەکانی دیکەی وەک پیشەسازی، بازرگانی، كشتوكاڵی، گەشتوگوزاری، پەروەردەیی و تەندروستی دەگرێتەوە ".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە رۆژانی داهاتوو قوباد تاڵەبانی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان دەکاتەوە، تا بزانێت کارەکانیان بە کوێ گەیشتووە"، ئەوشی خستەڕوو "لەئێستادا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری شاری سلێمانی بە هەماهەنگییەکی تەواو کاردەکەن، بۆ ئەوەی رۆتینات بۆ وەبەرهێنەران کەمبکەنەوە و لە زووترین کاتدا پرۆژەکانیان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە".

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan