کوردستانی

ساڵی نوێی خوێندن بە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن دەستپێدەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


ساڵی نوێی خوێندن بە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن دەستپێدەکات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

رۆژی سێشەممە 13ی ئەیلولی 2022 ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، مامۆستایانی وانەبێژیش نیگەرانن لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانیان جێبەجێ ناکات، بۆیە پێدەچێت بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بکەن.

کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لەبارەی بایکۆتکردنی مامۆستایانی وانەبێژ بە مەودا میدیای راگەیاند "لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی 43 پەروەردە لە هەرێمی کوردستان وادەگەینە کۆدەنگییەک لەبارەی ئەوەی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بکەین یاخود بچینەوە هۆڵەکانی خوێندن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ رۆژی سێشەممە کە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە یەکلانەکراوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە و بڕیارە نزیک مانگی 10 وەڵامی ئەو پرۆژەیە بدرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "دوو رای جیاواز هەیە لەنێوان مامۆستایانی وانەبێژ یەکێکیان ئەوەیە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بکرێت و رۆژی سێشەممە لە بەردەم پەرەوەردەکان خۆپیشاندان بکرێت، رایەکی دیکەش ئەوەیە چاوەڕێی مانگی 10 بکرێت بۆئەوەی بزانن حکومەت چ بڕیارێک دەدات".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan