کوردستانی

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان: نزیکەی 100 ملیار دینار بۆ کەرتی خوێندن تەرخانکراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان:  نزیکەی 100 ملیار دینار بۆ کەرتی خوێندن تەرخانکراوە
مەودا میدیا-

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت ئەمساڵ ساڵی گرنگیدان دەبێت بە خوێندنی پیشەیی، ئاماژەی بەوەشکرد تەنها لە ئەمساڵی خوێندندا، نزیکەی 100 ملیار دینار بۆ کەرتی خوێندن تەرخانکراوە.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن رایگەیاند "بۆ یەکەمجارە خوێندنگە و ناوەندەکانی خوێندن پاڵپشتیی دارایی کراون لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە بڕی سێ ملیار دینار، وێڕای پارەی فرۆشگەی خوێندنگەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد "تەنها لە ئەمساڵی خوێندندا، نزیکەی 100 ملیار دینار بۆ کەرتی خوێندن تەرخانکراوە، لەو بڕە  46  ملیار و 524 ملیۆن دینار بۆ تەواوکردنی قوتابخانە تەواونەکراوەکان و دروستکردنی قوتابخانەی نوێ تەرخانکراوە کە 60 قوتابخانەی تەواونەکراو لە هەرێمی کوردستان هەبوون تەواوکراون، هەروەها 13 قوتابخانەی نوێ دروستکراوە، بۆ یەکەمجار 20 ملیار دینار بۆ دابینکردنی پێداویستییە هەرە سەرەکییەکانی ناوەندەکانی خوێندن خەرجکراوە".

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان وتی "ئەمساڵ ساڵی گرنگیدان دەبێت بە خوێندنی پیشەیی، 500 ملیۆن دیناریش بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە".

باسی لەوەشکرد "بڕی 17 ملیار دینار بۆ چاپکردنی کتێبەکان تەرخانکراوە، جگە لەوەش 20 ملیاردیناری دیکە بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ قوتابخانەکان تەرخانکراوە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan