کوردستانی

سەرۆکی یەکێتی بۆ دژەتیرۆر: بە رۆحییەتی نیشتیمانیانە هاوڵاتییان بپارێزن

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرۆکی یەکێتی بۆ دژەتیرۆر: بە رۆحییەتی نیشتیمانیانە هاوڵاتییان بپارێزن
مەودا میدیا-

سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر کۆبووەوە و داوایکرد بەهەمان رۆحییەت و هەڵوێستی نیشتمانییانەی خۆیانەوە بەردەوامبن لە ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر-CTG کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزەکە ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعشەوە کرا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگە و سەروەریی یاسا تاوتوێکران.

بافل جەلال تاڵەبانی دەستخۆشی و پێزانینی ئاراستەی هێزەکانی دژەتیرۆر کرد لە بەرانبەر هەوڵەکانیان لەپێناو پاراستنی ئارامی، سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. داواشیکرد بەهەمان رۆحییەت و هەڵوێستی نیشتمانییانەی خۆیانەوە بەردەوامبن لە ئەرکەکانیان بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بە ھەماھەنگی و ھاریکاری ھەواڵگری و سەربازی لەنێوان ھەرێم و عیراق کرد و وتی "ئەرکی ئێوەیە لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە ھاوکاربن و ھاوشانی ھێزە ئەمنییەکانی عیراق لە ھەوڵدابن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە".

ر. ئ

Qaiwan
Qaiwan