کوردستانی

وەزارەتی کشتوکاڵ روونکردنەوە لەسەر مریشکی بەستوو دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی کشتوکاڵ روونکردنەوە لەسەر مریشکی بەستوو دەدات
مەودا میدیا- ژیار ئازاد
 

 وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، لەدوای بڕیاری قەدەغەکردنییەوە هیچ نووسراوێکمان بۆ هێنانی مریشکی بەستوو نەکردووە و لیژنەیەکمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی ئەیلولی 2022، حسێن حەمەکەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە مەودا میدیای راگەیاند "لەدوای بڕیارەکەی مانگی ئازاری ساڵی 2019ی پەرلەمانی عیراق بۆ قەدەغەکردنی مریشکی بەستوو لە بازەڕەکاندا هیچ نووسراوێکی رێگەپێدانمان نەکردووە و بەردەوام سووربووین لەسەر ئەوبڕیارە، بەڵام ئەوەی لە بازارەکاندا هەیە پەیوەندیدارە بەلایەنی جێبەجێکار کە وەزارەتەکانی دارایی و ناوخۆن".

ئاماژەی بەوەشکرد "نووسراومان بۆ سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان کردووە بەتایبەت ئەو شوێنانەی خواردن بۆ کارمەندەکانیان دروستدەکەن کەشت بە مریشکی زیندووی کێڵگە پەلەوەرییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ببەستن و مریشکی بەستوو بەکارنەهێنن".

باسی لەوەشکرد "لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق لیژنەیەکمان پێکهێناوە و سەرقاڵی چارەسەرکردنی تەواوەتی ئەو پرسەین، لە چەند مانگی داهاتووشدا رۆژنامەیەکی کشتوکاڵی هاوبەش دەردەکەین بۆ رێکخستنی کاروبارەکانی نێوانمان".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایگەیاند "بەهۆی مریشکی بەستووەوە زیانێکی زۆرییان بەرکەتووە".

Qaiwan
Qaiwan