کوردستانی

کوڕێک بە تۆمەتی کوشتنی باوكی دەستگیرکرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


کوڕێک بە تۆمەتی کوشتنی باوكی دەستگیرکرا
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند بە تۆمەتی کوشتنی باوکی لەکاتی خەودا لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دانی ناوە بە تاوانەکەیدا.

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی هاتووە "لە رێکەوتی 13ی ئەیلولی 2022 کاتژمێر 3:30 خولەکی شەو هاوڵاتییەک کە لەدایکبووی ساڵی 1974 بوو لە گوندی بنگردی قەزای چەمچەماڵ لە ماڵەکەی خۆیدا دەکوژرێت، پاش ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکانی پەیوەندیدار بەو رووداوە هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستیان بە کۆکردنەوەی زانیاری وردو بە دواداچوونکرد لەوبارەیەوە، سەرەنجام پاش وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێز دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوە تۆمەتبار (ر ، م ، س) کە تۆمەتبارە بە کوشتنی باوکی لە رۆژی 14ی ئەیلولی 2022 لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکرا".

ئاماژە بەوەکراوە "لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناو وتی کاتژمێر 3:30 خولەکی شەوی (13 لەسەر  14ی ئەیلولی 2022) بە دەمانچەیەک لەکاتی خەودا هەستام بە کوشتنی باوکم و پاشان ئاگاداری هێزە ئەمنییەکانمان کرد کە باوکم کوژراوە، وتیشی ئەو دەمانچەیەی باوکمم پێکوشت لەگەڵ چەکێکی دیکە لە جۆری کڵاشینکۆڤ پاش رووداوەکە بردم لە وەردێک لە گوندەکەی خۆمان شاردمەوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو "لەسەر بڕیاری دادوەر هەردوو چەکەکەش لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستیبەسەردا گیرا، سەبارەت بە هۆکاری کوشتنەکە تۆمەتبارەکە روونیکردەوە کە لەسەر کێشەی خێزانی پەیوەندیدار بە خێزانەکەی خۆیان کوشتوێتی".

باس لەوەشکراوە "لەئێستادا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری بەڕێز دادوەر بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادان راگیراوەو دۆسێی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan