کوردستانی
قوباد تاڵەبانی: رێککەوتنێکی سەردەمی دوو ئیدارەیی هۆکاری کورتهێنانی بودجەی سلێمانییە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا- ژیار ئازاد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، هۆکاری کورتهێنانی بودجەی سلێمانی رێککەوتنێکی سەقەتی سەردەمی دوو ئیدارەییە و پێویستە هەڵبوەشێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 17ی ئەیلولی 2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند "من هەمیشە لەگەڵ یەک حکومەتیدا بووم و دژی دوو حکومەتیم، بەڵام ئەو کورتهێنانەی لە بودجەی سلێمانیدا روودەدات پەیوەستە بە رێککەوتنێکی سەقەتی سەردەمی دوو ئیدارەیی %57 بۆ هەولێر و دهۆک و %43 بۆ سلێمانی، ئەگەر یەک حکومەتین پێویستە ئەم رێککەوتنە هەڵبوەشێتەوە".
لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندێکی گەورەی ئابووری لە سلێمانی قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو هەنگاوەی دەستمانپێکردووە نایوەستێنین و رێگری لەو کەسانە دەکەین کە دەستدرێژی دەکەنە سەر بازاڕی کار و گەشەسەندنی ئابوری کوردستان بەبێ کەرتێکی تایبەتی بەهێز ناکرێت".
باسی لەوەشکرد "لە ساڵی 2014ەوە کوردستان لە دۆخێکی ئابووریی سەختدا بووە و حکومەت بەهۆیەوە نەیتوانیوە بەردەوامی بە پرۆژەکانی بدات، بەڵام تێناگەم پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ خاوبوونەوە؟ وەبەرهێنەرەکان ئامادەن پارەی خۆیان خەرج بکەن بۆ ئێمە رێگریان لێبکەین؟ بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ فەرمانگەکان کۆبوومەوە و کۆتاییمان بەو تەمەڵییە هێناو لەماوەی هەفتەیەکدا مامەڵەی 50 پڕۆژە تەواوکرا".
بیروڕا


