نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

پۆلێنکردنێکی سەردەمییانە بۆ بزووتنەوەکانی مێگەرایی

پۆلێنکردنی سەردەمییانەی مێگەرایی، لەگەڵ پەیدابوونی ئاراستەی سێیەم بە پشتبەستن بە پێوەری (یەکسانی - جیاوازی) دەستی پێ کردووە. ئەم پێوەرە، سەبارەت بە چۆنیەتی رووماڵکردنی کێشە و داواکارییەکانی ژن، لە سەرەتادا مێگەرایی جیا کردبووەوە بۆ دوو تێڕوانینی سەرەکی، هەرچەندە هەردوو ئاراستەکە کۆکن لەسەر یەک ئامانج؛ ئەویش گەیشتنە بە یەکسانیی ژن و پیاو.

روانگەی یەکەم، بە جۆرێک پێناسەی یەکسانی دەکات کە: ژن هەمان توانای پیاوی هەیە ئەگەر هەمان بوار و چالاکییان بۆ بڕەخسێنرێت، هەروەها بەیەک چاو سەیر بکرێن و هەردوولاش دوو بەشە تەواوکەرەکەی کۆمەڵن و یەکسانن لە رووی گرنگی و پایەیەوە.

روانگەی دووەم، بۆ پێناسەی یەکسانی، پشت دەبەستێت بەو جیاوازییانەی لە نێوان نێر و مێدا هەن و دەبێت بەو چاوە سەیری ژن بکرێت کە خاوەن توانا و خەسڵەت و ئەزموونی تایبەتن و جیاوازن لەگەڵ رەگەزی نێر، سەرەڕای بوونی جیاوازییش، خەسڵەتەکانی ژن پڕ بەهان و یەکسانن لەگەڵ خەسڵەت و تواناکانی پیاو لە رووی بەهاوە، واتا؛ یەکسانییان بەهۆی گرنگی و پێگەیانە، نەک جیاوازییان.

هەر کە ئاراستەی دووەم دەرکەوت، جارێکی تر کێشەی (یەکسانی - جیاوازی) هاتەوە پێشەوە و پرسیاری زۆری لای تیۆریستەکان، توێژەر و لێکۆڵەرەوەکان دروست کرد؛ چ لەسەر ئاراستەی یەکەم، کە دەڵێت: "ئێمە یەکسانین، بەڵام جیاوازین"، یاخود ئاراستەی دووەم، کە دەڵێن: "ئێمە جیاوازین، بەڵام یەکسانین". 

لەو نێوەندەدا ئاراستەیەکی تر سەری هەڵدا، کە ئاراستەی سێیەمە و لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە دەرکەوت و دەڵێن: بنەمای دید و بۆچوون لەسەر یەکسانی، پەیوەندی بە پرسی بەشداریی ژنانەوە هەیە هاوشێوەی پیاوان لە ناوەندی بڕیار و دامودەزگاکانی دەوڵەت بەگشتی، هەروەها هەردوو رەگەز سەر بە یەک جۆرن، کە ئەویش جۆری مرۆڤایەتییە.

بەو پێوەرانە، ئاراستەکانی مێگەرایی سەردەم، بوون بە سێ ئاراستە، بەڵام لەگەڵ ئەو ئاراستە جیاواز و بۆچوونانەش، ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە، ئەویش یەکسانی و پێگەی ژنە لە کۆمەڵگەدا.
 
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan