راپۆرت

بۆچی لە بەشێکی هەرێمەکانی ئەمەریکا، کۆیلایەتی دەخرێتە دەنگدانەوە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆچی لە بەشێکی هەرێمەکانی ئەمەریکا، کۆیلایەتی دەخرێتە دەنگدانەوە؟
مەودا میدیا- ژاڵە محەمەد

ئەمەریکا، ئەو وڵاتەی باسی دیموکراسی دەکات و بەردەوام قسە لەسەر مافەکانی مرۆڤ و چین و توێژە جیاوازەکان دەکات و بۆ رزگارکردنی خەڵکی وڵاتە چەوساوەکان کیلۆمەترها دەبڕێت، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆی هێشتا کۆیلایەتی و کاری زۆرەملی ماوە و رەشپێستەکانی ئەو وڵاتە بەشێکیان هەتا ئێستاش دەچەوسێندرێنەوە.

157 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆیلایەتی لەئەمەریکا، سەردەمانێک کە مرۆڤێک دەیتوانی ببێتە خاوەنی مرۆڤێکی دیکە و موڵکدارێتی بکات، کۆیلایەتی بۆ بەندکراوەکان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، لە تەواوی ئەمەریکا کۆیلایەتی بە یاسا بۆ سزادانی بەندکراوان رێکخراوە. 

8ی نۆڤەمبەر دەنگدەرانی "پێنج هەرێمی ئەمەریکا، ئالاباما، لوئیزیانۆ، ئۆرگۆن، تێنسی و ڤێرمۆنت" بڕیار دەدەن لەسەر ئەوەی ئەمجۆرە لە سزا لە یاسای وڵاتەکەیان هەڵگرن چیدی کۆیلایەتی نەمێنێت.

دەرئەنجامی ئەو دەنگدانە دەبێتە هۆی ئەوەی بەندکراوان لە ناو زیندان چیدی کاری زۆرەملی نەکەن. زیاتر لە 800 هەزار بەندکراو لەئێستادا بۆ کەمتر لە دۆلارێک لە رۆژێکدا یان بەبێ هیچ بڕە پارەیەک لەرۆژدا کارە دەکەن، حەوت هەرێمی ئەمەریکا هیچ بڕە پارەیەک بە بەندکراوان نادەن لە بەرانبەر ئەو کارەی دەیکەن. 
بەشێک لەخەڵک رازین ئەو یاسایە نەمێنێت و بەشێکی دیکەش دەڵێن، پێویستە یاساکە بمێنێت و وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

یەکێک لەو بەندکراوانەی کە ناچارە بە کاری زۆرەملی دەڵێت، "لەدوای 25 ساڵ لەکارکردن دواجار بە 25 دۆلارەوە گەڕامەوە ماڵەوە".

لە ساڵەکانی پێش لابردنی کۆیلایەتی کۆمەڵێک یاسا بەمەبەستی سەرکوتکردنی رەشپێستەکان پەسەند کرا، یاساکە باسی لەوە دەکرد کە ئەوان رەوانەی زیندان بکرێن بۆ کاری زۆرە ملی.

هەتا ئێستاش بەشێک لە رەشپێستەکان لەئەمەریکا ناچارن بەکاری زۆرەملی، وەک کارکردن لە زەوییە کشوکاڵییەکان.

"کۆرتیس ری دیوس" کە زیاتر لە 15 ساڵ تەمەنی خۆی لە زیندا بردەسەر، باسلە کاری دژوار لەناو زیندان دەکات و دەڵێت، هەتا ئێستا کۆیلایەتی لە ئەمەریکا بوونی هەیە و ئەو زیندانەی ئەویی تیابوو ناوبانگی خۆی بوو بۆ کۆیلایەتی و زۆربەی کۆیلەکانی لە ئەفریقاوە دەهێنا بۆ کاری زۆرەملی.

باسلەوەش دەکات لە %75 بەندکراوەکان رەشپێست بوون، کار لەو بەندیخانەدا بە زۆر و هێزی چەک بە بەندکراوان دەکرا.

دیوس بەسەرهاتەکانی خۆی وەک کتێبێک دەربارەی ئەزموونی بەندکراوانی زیندانی ئەنگۆلا نووسیوە. 


"ساڤانا دریج" لەتۆڕی رێکخراوەکانی دژ بە کۆیلایەتی دەڵێت، هەرچەندە دەوترێت کۆیلایەتی هەڵوەشاتەوە، بەڵام کۆیلەکان بەجۆرێک کەوتوونەتە ژێرباری موڵکداری دەسەڵات کە دیسان بوونەتەوە بە کۆیلە. ئەم رێکخراوە لە هەوڵدایە تاکوو لە هەریمەکان یاسایە هەلبوەشێتەوە و هەوڵدەدات یاسایەکی گشتی لە واشنتنەوە دەرچێنن کە بەتەواوەتی قەدەغەی بکات.  

هەرێمەکانی "کلرادۆ، نێبرسکا و یووتا" لەساڵی 2018 وە بەتەواوەتی کۆیالایەتییان بە یاسا هەڵوەشاندۆتەوە. 

بە پێشبینی "ساڤانا" لەساڵی 2023 لە 18 هەرێمی دیکەی ئەمەریکا یاساکانی دژ بە کۆیلایەتی دەخرێتە دەنگدانەوە.

هاوینی ئەمساڵ دەنگدان لە ئەنجومەنی کالیفۆڕنیا، بۆ سڕینەوەی یاسای کۆیلایەتی لەو وڵاتە رووبەڕووی شکست بوویەوە، لای خۆیەوە پارێزگاری کالیفۆڕنیا رایگەیاند، ئەوان دژی پێدانی بڕی 15 دۆلار بۆ یەک کاتژمێر کارکردنن بە بەندکراوان، چونکە تێچووەکەی بۆ ئەوان زۆرە.

بەندکراوان لە ئەمەریکا کاری جیاواز و جۆراوجۆر دەکەن، ئەو کارانەی ئەوان، لەلایەن کۆمپانیاکانەوە سەرپەرەشتی دەکرێت و دواتر بەرهەمەکانیان بە کۆمپانیای گەورەتر دەفرۆشرێت، ئەگەرچی زۆربەی کۆمپانیا گەورەکان ئاگاداری ئەو جۆڕە لە رەفتار نین کە لەگەڵ بەندکراوەکان دەکرێت.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراویی ئازادی مەدەنی لە ئەمەریکا، ئەو کۆمپانیانەی لە هەریمی "یووتا" هەتا ئێستاش بەندکراوان بۆ کارکردن بەکار دێنن، " ئەمریکن ئێکسپرێس، ئەپڵ، پیپسی و کۆمپانیای گیاندنی پۆستەن", ئەو رێکخراوە باسلەوەش دەکات، بۆ کوژانەوەی ئاگر لە 14 هەرێمی ئەو وڵاتە بەندکراوان بەکاردێنن. 

لە هەندێک هەرێم کە ئەوجۆرە لە کۆیلایەتی قەدەغە کراوە، دەرئەنجامی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە "کلرادۆ" بەندکراوێک سکاڵای لەسەر ئەو زیندانەکرد کە تێیدا بەندکراوە، ئەو وتی سەرەڕای یاسای دژی کۆیلایەتی، بەڵام لەناو زیندان کاری پێدەکرێت، بەڵام دادگا سکاڵاکەی رەت کردەوە.

لە هەرێمی "نێبرسکا" لەدوای پەسەندکردنی یاساکە، دەستکرا بە پێدانی مووچەی 20 بۆ 30  دۆلار لە هەفتەک بە زیندانیان.

فشارەکان لە ئەمەریکا وایکردووە کاری جدی بۆ دژایەتی کۆیلەداری لەو وڵاتە بکرێت و بەشێک لە خەڵک پێی وایە، هەر تاکێکی هۆشیار دەبێت لەوە تێبگات، "مرۆڤەکان کۆیلە نین و نابێت کۆیلایەتی بۆ مرۆڤەکانی دیکە بکەن".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن