راپۆرت
قەڵای سرۆچک، جێدەستی نەخشی ئەندازیاریی کورد
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا- نەزیرە حارس
قەڵای سرۆچک، قەڵایەکی مێژووییە لە کوردستان، دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی، ناوچەی شارباژێڕ، نزیک شارەدێی بەرزنجە (سرۆچک) نزیک گوندی قەویلە و مۆریاس. هەر بەهۆی ئەم قەڵایەوە ناوی شارەدێی بەرزنجە گۆڕاوە بۆ شارەدێی سرۆچک.
قەڵای سرۆچک 1130 مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و رووبەرەکەی 3750 مەتر دووجایە. لەسەر رەوەزە شاخێکی سەخت و بەرزە و ژێرەکەی تاشەبەردی زۆر گەورەیە.
مێژووی دروستکردنی قەڵای سرۆچک دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانیی میرنشینی ئەردەڵان، ئەم قەڵایە جگە لەوەی وەکوو شوێنێکی بەرەنگاربوونەوەی سەربازی بەکار هاتووە، لە سەردەمی میرنشینی باباندا وەکوو بەندیخانەش بەکاریان هێناوە.
قەڵای سرۆچک شاهیدە بۆ گیانی بەرگریی کورد لە بەرانبەر دوژمن، هەروەکوو ئەوەی لە رووبەڕووبوونەوەی سوپای ئەحمەد پاشای عوسمانی و نادر پاشای ئێرانیدا روویداوە لەو کاتەی ئەو دوو هێزە عوسمانی و سەفەوییە پەلاماری ناوچەی شارەزوور دەدەن، هەروەها لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی کورد لەگەڵ والیی بەغدا لە ساڵانی (1743 - 1751)ی زایینی، ئەمە جگە لەوەی کە لە سەردەمی میرنشینی بابانەکاندا ئەم قەڵایە کراوە بە بەندیخانە بۆ دوژمن و هەندێک لە بابانەکان لە کاتی ململانێ ناوخۆییەکانی میرنشینی بابان.
پێکهاتەی قەڵاکە بریتییە لە بەرد و قسڵ، 27 ژوور و 11 قولەی چاودێری و سێ دەروازە لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ دوو خاڵی پاسەوانی. ژوورەکان بریتین لە: ژووری دانیشتن، پێشوازی، ژووری نوستن، چێشتخانە و گەنجینە، هەروەها زیندان... پانتاییەکی گەورە لە ناوەڕاستی قەڵاکەدا هەیە، جێگەی زیاتر لە دوو هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە. دەوترێت ئەو کەسانەی ئیشیان لە دروستکردنی ئەم قەڵایەدا کردووە، بەتایبەتی وەستاکان، لەدوای تەواوبوونی ئیشەکە کوژراون، ئەویش بە پاساوی پاراستنی نهێنییەکانی قەڵاکە بۆ ئەوەی دوژمن نەتوانێت زەفەری پێ ببات.
هونەری ئەندازیاریی ورد بەکار هاتووە لە داڕشتنی شێوازی دابەشبوونی بەشەکانی ناو قەڵاکە و لە شێوەی دروستکرنەکەیدا، کە لە دوو نهۆم پێک هاتووە. بۆ دابینکردنی ئاو پشتیان بە سەرچاوەی ئاو و کانیاوەکانی گوندی میرمادا بەستووە، ئەو سەرچاوەی ئاوانە کراون بە بەشێک لە خودی قەڵاکە لە بەشی ژێرەوەی و شوورای پتەویان بۆ دروست کراوە، بە جۆرێک کە کەس نەتوانێت پەیان پێ بەرێت.
تاکە رێگەی چوون بۆ ناو قەڵاکە، بریتییە لە باریکەڕێیەک لە لای باشووری رۆژئاواوە. ئەم رێگەیە لە تەختایدایە، هەر بۆیە دەورە دراوە بە دیواری بەردین بە بەرزی 10 مەتر و پانیی مەترێک، لە لای رۆژهەڵاتی قەڵاکەشەوە گەیشتن پێی زۆر سەخت و ئەستەمە.
قەڵای سرۆچک، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زۆری بۆ کراوە لەلایەن شارەزایانی مێژوو و شوێنەوارناسانی ناوخۆ و دەرەوە، بەتایبەتی شارەزایانی فەرەنسی، بەڵام ئەوەی کە پێویستە بکرێت بۆ پاراستن و ناساندنی، هەتا ئێستا لە ئاست گرنگیی دروستکردن و مێژووەکەیدا نییە و قەڵاکە لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە.
خ.غ
خ.غ