خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

سیناریۆ و بەرژەوەندیی هاوبەش؛ کەوتنی رۆژئاوا و هەڵسانەوەی داعش

سەرەتا تورکیا هەڕەشەی هێرشی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکرد، وتە بەناوبانگەکەی ئەردۆغان هەیە کە دەیوت "شەوێک لەناکاودا دێین بۆتان". 

بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی ئەلجەزیرە، سوپای تورکیا ئامادەکارییە سەربازی و لۆجستییەکانی لەسەر سنووری سوریا تەواوکردووە؛ یانی راگەیاندنی شەڕ و دەستپێکردنی هێرشەکە لە ئان و ساتدایە، مەترسییەکانیش زۆر گەورەن.

بەپێی قسەی مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە ئامادەکارییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای تورکیا کردووە، بەڵام لەڕاستیدا شەڕەکە ناهاوسەنگە، بۆ کورد یەکسانە بەلەناوچوونی دەستکەوتەکان.

تورکیا سێ ئامانجی سەرەکی لە هێرشەکەی سەر رۆژئاوای کوردستان هەیە:
یەکەم: لەناوبردنی ئەزموونی کانتۆنەکان و کۆتاییهێنان بە هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە.

دووەم: بڕینی پەیوەندیی جیۆ- (سیاسی، ئابووری، ئەمنی) لەنێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە و پارتی یەکێتیی دیموکراتیک- پەیەدە کە تورکیا وەکو مەترسی سەیریان دەکات و کردوونیەتییە هۆکاری ئەنجامدانی هێرشەکەی.

سێیەم: ئەگەر تورکیا سەرکەوتوو بێت، ئەوا لە بەشێکی زۆری ناوچە کوردییەکان، ئاوارە عەرەبەکان نیشتەجێ دەکات، بەو شێوەیە دیموگرافیای رۆژئاوای کوردستان دەشێوێنێت.

پەیوەندیدار بەم هێرشەی سەر رۆژئاوای کوردستان، سێ لایەنی دیکە هەن کە پێویستە هەڵویستیان هەبێت:
یەکەمیان ئەمەریکایە، نیگەرانە لەوەی تورکیا هێرشی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوای کورستان بکات، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی رێگری لێکردنی. مەزڵوم کۆبانێ لە چاوپێکەوتنەکانیدا داوای ئەوەی کردووە ئەمەریکا هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی هەبێت و رێگەنەدات سوپای تورکیا هێرشبکاتە سەریان، بەڵام لەم کاتەدا رەنجاندنی دڵی تورکیا ئەستەمە.

دووەم: رووسیا پێویستیی زۆری بە تورکیا هەیە بەتایبەت بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و جۆرێک لە گەمارۆدانی لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە، بۆیە هیچ هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی نابێت. دەمی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستانیش رووسیا نەک هەر قسەی نەبوو، بەڵکو سەربازەکانی لە ناوچەی هێرشەکان دوورخستەوە، ئەمە ئاماژەیەکە بۆ رازی بوونی.

سێیەم: سوریا بەهەمان شێوە دژی هێرشەکانی تورکیایە، بەڵام دژی بوونی کیانێکی کوردییە لە باکووری سوریا، ئەگەری ئاشتبوونەوەی بەشار ئەسەد و ئەردۆغان دوور نییە و هەردوولاشیان خاڵی هاوبەشیان کۆتاییهێنانە بە ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان.

دوو مەترسیی گەورە هەن ئەگەر هێرشی زەمینی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بکرێت: 

یەکەمیان وەکو مەزڵوم کۆبانێ وتی ناتوانن بەردەوامبن لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و کەمپەزیندانی داعش بپارێزن، ئەوە دەرفەتی چالاکبوونەوەی داعش دەڕەخسێنێ.

دووەمیان کۆتایی ئەزموونی کانتۆنەکان نزیک دەبێتەوە لە دیفاکتۆ، لاسەنگی هێز هەیە لە هەموو روویەکەوە، ناوچە کورییەکان دەکەونە بەر سیاسەتی تەعریب و تەتریک و ئیسلامیی ئسوڵیی توندڕەو.

خ.غ 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan