خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

دادگای دەستووریی ئەردۆغان و گەمارۆی ئابووری سەر هەدەپە

یەکەم
بەکر شاهێن، سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی دادگای دەستووریی تورکیای کردووە، داوای بڕینی بەشە بوودجەی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە دەکات. بۆ ئەو مەبەستەش دادگای دەستووری رۆژی 6ی کانوونی دووەمی 2023 وەکو رۆژی دانیشتن لەسەر ئەو داواکارییە دیاریکردووە، راستییەکەی ئەوە هەوڵیکی دیکەیە بۆ فشارخستنە سەر هەدەپە بۆ ئەوەی چالاکییەکانی لەقاڵب بدرێن و فشارەکانیشیان لەسەر پارتی داد و گەشەپێدان- ئەکەپە و رەجەب تەیب ئەردۆغان کەمبکەنەوە.

دووەم
بەپێی بوودجەی پەسندکراوی ساڵی 2023ی تورکیا، پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە بڕی 539 ملیۆن و 500 هەزار لیرەی تورکی کەوا دەکاتە 28 ملیۆن و 830 هەزار دۆلاری ئەمەریکی  بەردەکەوێت. ئەو بوودجەیە بڕێکی زۆرە، بەڵام خێرپێکردنی حکومەت نییە بە هەدەپە، بەڵکو لە چوارچێوەی یاسای پارتەکاندا لە تورکیا بەپێی سەنگ و دەنگی پارتەکە بڕە بوودجەی خۆی پێ دەدرێت، ئەوەی هەدەپەش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.

سێیەم
دوایین هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا کە مەبەست لێی گۆڕینی سیستمی سیاسیی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی بوو، دەسەڵاتی فراوانکردنی ئەنجومەنی دادگای دەستووریشی بەخشییە سەرۆک کۆمار، ئەوە دەرفەتێکی گونجاو بوو بۆ ئەردۆغان بەمەبەستی فراوانکردنی ئەندامانی ئەنجومەنەکە بەپێی ویستی خۆی، بۆیە ژمارەی ئەندامەکانی بۆ 15 ئەندام زیادکرد.

بڕینی بوودجەی هەدەپە لەلایەن دادگای دەستووری تورکیاوە پێویستیی بە دەنگی 10 ئەندامی ئەنجومەنەکە هەیە، بۆیە چاوەڕوانی زۆر هەیە ئەردۆغان بەو ئامانجەی بگات و لەڕووی داراییەوە هەدەپە پەکبخات، بەڵام ئەمە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە نەک بەرەو چارەسەر بیانبات.

چوارەم
نزیک بە شەش مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەردۆغان ترسی دەرنەچوونی زۆرە، بۆیە خەریکی راکێشانی هەموو کارتەکانی دەستێتی، یەکێک لەو کارتانە ملکەچکردنی هەدەپە یان داخستن و دوورخستنەوەیەتی لە پرۆسەی سیاسی، چونکە تا ئەم ساتە دەنگی هەدەپە لە دژی ئەردۆغان و ئەکەپەیە.

مەترسیی داخستن لەسەر هەدەپە زۆرە، بەڵام ماوەیەکە پارتی جێگرەوەی هەدەپە دروستکراوە و وردە چالاکی دەکات، پێش داخستنی بەدەپە، هەدەپە دروستکرا و لەگەڵ داخستنی بەدەپە دا، هەدەپە جێگەی گرتەوە، ئێستاش هەروایە، تا چەند ساڵی دیکەش هەروا دەبێت، مەگەر گۆڕانکاریی گەورە رووبدات.

پێنجەم
بڕینی بودجەی هەدەپە کاریگەریی نەرێنی بۆ سەر چالاکییەکانیان دەبێت، بەڵام مانای سڕکردنی نییە، بەڵکو قۆناغێکە بۆ بردنی هەدەپە بەرەو داخستن، ئەمە سیاسەتێکی راست نییە، بەڵکو هەدەپە سوورتر دەکات لەسەر دژایەتی ئەردۆغان، رۆژانی نزیکتر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، سەرۆک ئەردۆغان یاریی دیکەش دەکات، بەڵام کاریگەریی ئەرێنی بۆ سەر سەرکەوتنی نابێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan