تەندروستی

زیانەکانی زۆر وەستان بە پێوە چین؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


زیانەکانی زۆر وەستان بە پێوە چین؟
 مەودا میدیا-


زۆرجار بەهۆی جۆری کار و پیشە یان هۆکاری دیکە، کەسەکان ناچارن زۆر بە پێوە بوەستن و پسپۆڕان و شارەزایانیش هۆشداری دەدەن لە وەستانی زۆر بە پێوە.

دکتۆر هەڤین کەمال پسپۆڕ لەزانستی ئازار و بەنج باسلە زیانەکانی وەستانی زۆر بەپێوە دەکات و دەڵێت؛

- وەستانی زۆر بە پێوە دەبێتە هۆی ئازار و ئاوسان لە قاچ و قوڵدا.

- ھەوکردنی بەستەری بنی پێ(plantar fasciitis).

- ھەوکردنی ژێی ئەخیلیس کە ئەکەوێتە پشتی قاچەوە (Achilles tendinitis).

- دروستبوونی دەوالی لەناوچەی ڕان و قاچەکاندا.

- دروستبوونی کێشە و داخوران لە ئەژنۆکاندا.

- دروستبوونی ئازار لەبەشی خوارەوەی پشت.

- ڕەقبوون و گرژبوون لەماسولکەکانی ملدا لەگەڵ ئازار لەشان ومل و قۆڵەکاندا.

- ڕێگرتن لەجووڵەی خوێن بۆ پەلەکانی خوارەوە.

- زیادکردنی چانسی دروستبوونی ھەوکردن لەجومگەی ئەژنۆ و حەوزدا.

- ئازاری ماسولکە و ھەستکردن بە ھیلاکی.

 
توێژینەوە تازەکان سەلماندوویانە کە وەستان بەشێوەیەکی ڕۆتینی و بەردەوام کاریگەری خراپی ھەیە لەسەر جەستە وەکو ئەمانەی خوارەوە :

 - زیادکردنی چانسی ڕەقبوونی خوێنبەرەکان (بە تایبەتی لە پیاواندا) لەبەر ئەوەی لەم توێژینەوەیەدا ئافرەتی تیا نەبووە نازانرێت تا چ ڕادەیەک کاریگەری ھەیە لەسەر ئافرەت.

- دەبێتە ھۆی لەدایکبوونی پێشوەختی کۆرپە لە ژنی دووگیاندا، دەبێتە ھۆی کەمی کێشی منداڵ کاتێک دایکەکە لە 3 سەعات زیاتر بوەستێت بەسەرپێوە ھەر جارێک کە ئەوەستیت.

 
چۆن وەستانی زۆر کاریگەری خراپی ھەیە لەسەر لەش و بە چ میکانیزمێک کار دەکات:

- ماسولکەکان کار دەکەن بۆ پارێزگاریکردن لە شێوازی وەستانی لەش بەشێوەیەکی ڕێک و ڕاست، لە کاتێکدا ئافرەت یا خود پیاو کاتێکی زۆر بەسەر دەبات بە وەستان بەپێوە و ماسولکەکان وزەکەیان سەرف دەکەن، ھەست کردن بە ھیلاکی دەست و پێ ئەکات و پێویستی بە پشووه، لەکاتی پشتگوێخستنی پشوودا، ھەموو بڕبڕەکانی مل و پشت و جومگەکان ھەتا قاچیش ڕەق دەبن.

- دووبارە بوونەوەی ئەم گرژی وھیلاکییە لە ماسولکەکان بەشێوەیەکی بەردەوام دەبێتە ھۆی پوکانەوەی بەستەر و ماسولکە و شانە نەرمەکانی لەش.

 - وەستان بەبێ جووڵە دەبێتە ھۆی کەم بوونەوەی ڕۆشتن و ھاتوچۆی خوێن بۆ ماسولکەکان و ئەو ماسولکانەی بەرپرسن لە پاڵنانی خوێن بەرەو دڵ لە پەلەکانی خوارەوەدا لە کار دەکەون، بۆیە بۆریەکانی خوێن و خوێنھێنەرەکان دەکشێن و خوێنیان تیا کۆ دەبێتەوە لەم شوێنانەدا ودەبنە ھۆی ھەوکردن و ئاوسانی پێ و قاچ و قولە پێ وئازار دەست پێدەکات لە ماسولکەکان و ئەم دیاردەیە زیاتر لەئافرەتی دووگیاندا دەرئەکەوێت، کە ڕۆشتنی خوێنیش کەم دەبێتەوە بۆ منداڵدان بەھۆی مانەوە و قەتیس بوونی خوێن لە پەلەکاندا کە ئەمەش دەبێتە ھۆی کەمی کێشی منداڵەکە.

 
کاریگەری گەرمی چێشتخانە  و وەستانی زۆر لەسەر تەندروستی ئافرەتان و چۆن دەتوانین خۆمان لێی بپارێزین؟

- ئافرەتان کەبەر گەرمی زۆر دەکەون، شلەمەنی لە لەشیاندا ون دەکەن، لەبەر ئەوە ئەگەری تووشبوون بە ووشکبوونەوە زیاد دەکات و ڕێژەی شێ زیاد دەکات لە چێشتخانەدا، لەبەر ئەوە ئافرەتان ھەست بە ھیلاکی و ماندووبوون، کەم بوونەوەی تەرکیز، دڵ تێکەڵھاتن و ڕشانەوە و گرژی و ڕەق بوونی ماسولکەکان دەکەن بەھۆی کەمبوونەوەی شلەمەنی وخوێی و ئەلکترۆلایتەکانەوە.

 
چۆن پارێزگاری لەخۆمان بکەین؟

- خواردنەوەی بەشێکی زۆر لە ئاو و شەربەتە فرێشەکان لەکاتی بەربانگ و لەکاتی پارشێودا.

- دوورکەوتنەوە لەسەرچاوە سەرەکیەکانی گەرمی لە چێشتخانەکاندا، واتە ئەتوانیت ئەو کاتەی خواردنت ئامادەکرد بە دیارییەوە نەوەستیت و چەند جارێک بڕۆیت و بێت باشترە لەوەی بە پێوە بوەستی لە نزیکییەوە.

- دابینکردنی تھویە و ھەوا گۆرکێی باش لە چێشتخانەکاندا.

- وەرگرتنی پشوو لەنێوان ئیشەکاندا.

- دانانی کورسییەکی تەندروست لە چێشتخانەدا، کەی ھەستت بە ماندوو بوون کرد بۆ پشودان.

- وەرزشکردن لەکاتی ئێش کردندا کە یارمەتی بنیاتنان و بەھێزکردنی ماسولکەکانی ڕان و قاچ کە یارمەتی سوڕانی خوێن دەدات لە پەلەکاندا.

- باشتر وایە زەوی چێشتخانە مادەیەکی مەتاتی یاخود نەرم بێت یاخود دانانی فەرش لەسەر زەوییەکە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر ماسولکە و جومگەکان.

- جووڵە و گۆڕینی شێوازی وەستان بە بەردەوامی بۆ خێراکردنی جوڵانی خوێن.

- ئەنجامدانی مەساج و شێلان بۆ قاچ و ڕان.

- لە پێ کردنی گۆرەوی مەتاتی لەکاتی ئیشکردندا بۆ کەمکردنەوەی ئاوسان و دەوالی لە قاچەکاندا.

 

 ژ.م
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب