راپۆرت

ئێرلینگ فۆلکڤۆردی نەرویجی... دۆستێکی دیکەی کوردەکان

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئێرلینگ فۆلکڤۆردی  نەرویجی... دۆستێکی دیکەی کوردەکان
مەودا میدیا-
 

قسەیەکی باو هەیە کە دەڵێت، "کورد دۆستی نیە، تەنیا شاخەکان نەبێت دۆستی کوردن"، مێژوو زۆرجار سەلمێنەری ئەو قسەیە بووە و کورد تەنها لەکاتی تەنگانەدا و وەک هێزێکی چەکدار لەناوچەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەکار هاتووە و کاتێک هاتووەتە سەر مافەکانی گەلی کورد پشتی تێکراوە، لەلایەکی ترەوە خەڵکانێک هەبوون بەردەوام پشتی کوردیان گرتووە و پێیانوایە کورد وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە مافی خۆیەتی خاوەنی کیان و دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێت. دۆستانی کورد بەردەوام لەهەوڵدابوون بۆ ئەوەی پشتگیری کورد بکەن و بەشێک بن لەو کەسانەی بەدوای چارەسەری دۆزی کوردەوەن. 

یەکێکی دیکە لەو کەسانەی بەدۆستی کورد ناسراوە "ئێرلینگ فۆلکڤۆرد" سیاسەتمەدار و نووسەری ناسراوی نەرویجیە و پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی نەرویج لەساڵانی نێوان 1993 بۆ 1997 لەسەر لیستی پارتی چەپی ئەو وڵاتە بووە.

لەبەر ئەوەی کورد و خەباتەکەی سەرنجی ڕاکێشاوە، زیاتر هەوڵی ناساندن و پەیوەندیکردنی داوە لەگەڵ کوردەکان، "فۆلکڤۆرد" خاوەنی بیست پەرتووکی چاپکراوە کە 2 پەرتووکی بە تایبەتی لەسەر کورد و کوردستان بە زمانی نەرویجی لەچاپداوە، سەبارەت بە ڕابردوو و ئێستا و ئایندەی دۆزی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستان، لە ساڵی 2008 یەکەم چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتەی ھەرێمی کوردستان و مام جەلال، سەرۆک کۆماری پێشووتری عیراق ئەنجامداوە.

ئێرلینگ فۆلکڤۆرد، ناسراوە بە دۆستی گەلی کورد، دەیان بابەتی ڕۆژنامەوانی لەسەر کورد بڵاوکردۆتەوە و چەندین جار سەردانی ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانیشی کردووە، ھاوکات سەرۆکی ڕێکخراوی پشتیوانی کوردستانە لە نەرویج کە لە ساڵی 2014 دامەزراوە و لە نوێنەرانی چەندین پارتی نەرویجی و کەسانی نوخبە و چالاکوانی نەرویجی دۆستی گەلی کورد و چالاکوانانی کورد لەو وڵاتە  پێکھاتووە، لەڕێگەی چەندین ڕێکخراوی نەرویجییەوە بەتایبەتی نۆرڤاک و ( ن.پ.ا) ھاوکاری مرۆیی بۆ ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان ناردووە.

"ئێرلینگ فۆلکڤۆرد" لەسەر پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی نەرویج، پرسەکانی ناوخۆی هەرێم، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئێستا و ئایندەی ناوچەکە و پرسی کوردانی ئێزیدی لە شنگال بەردەوام راوبۆچوونی بووە و قسەی خۆی کردووە.

فۆلکڤۆرد، زۆرجار لەدوای سەردانەکانی بۆ کوردستان، لەوڵاتەکەی خۆی دەربارەی ئەو سەردانانە سمیناری بۆ کوردەکان و ئەو کەسانەی دۆستی کوردن رێکدەخات و باسی سەردانەکانی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردەکان دەکات و میلەتی کوردی زیاتر بە دنیای دەرەو ناساندووە.

ئەو لەدوای سەردانێکی بۆ رۆژئاوای کوردستان و بینین کوردەکانی ئەوەێ دەڵێت، وێرای هێڕش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر رۆژئاوا، بەڵام بەڕێوەبەریی خۆسەر و گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرقاڵی بنیادنانی سیستەمی خۆیانن لە هەرێمەکە.

ئێرلینگ فۆلکڤۆرد، لەساڵی 1949 لە نەرویج لەدایکبووە، یەکێک لەئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریە، هەتاکوو ساڵی 1999  ئەندامی ئەنجومەنی شاری ئۆسلۆ بووە. ناوبراو لەماوەی کارکردنیدا سەرقاڵی دۆسیە و مەلەفی گەندەڵی بووە، هەر بۆیە لە نەرویج نازناویی "سەگی پاسەوانیان" پێبەخشیبوو.

 
ژ.م
Qaiwan
Qaiwan