عیراقی

دادگای فیدراڵیی گەیشتە ئەو ئەنجامەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ خەرجکردنی پارە بۆ هەرێم پێچەوانەی دەستوورە

مەودا میدیا - سلێمانی |


دادگای فیدراڵیی گەیشتە ئەو ئەنجامەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ خەرجکردنی پارە بۆ هەرێم پێچەوانەی دەستوورە
مەودا میدیا-


سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عیراق سوورە لەسەر هەناردەنەکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان و باسلەوە دەکات کە هەرکەسێک پارە بۆ هەرێم بنێرێت ئەوا پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەکان کاری کردووە.


دادوەر جاسم محەمەد عبود، سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عیراق لەدوایین لێدوانی خۆیدا باسلەوە دەکات، دادگای فیدراڵیی دادگایەکی دەستوورییە و لە دەروە و ناوەوەش بڕیارەکانی بەهەند وەردەگیرێت، ماددەی 80ی دەستوریش ئەنجومەنی وەزیران پابەند دەکات بەوەی کە دەبێت بڕیارەکانی ئاسانکاری بن بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی پەرلەمان، بەپێچەوانەوە بڕیارەکان هیچ بنەمایەکی دەستورییان نابێت، یەکێک لە ئەرکەکانی دادگاکەشیان جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پێداچونەوەیە بەو سکاڵایانەی روبەڕویان دەکرێتەوە.

سەرۆکی دادگای فیدراڵیی دەشڵێت، بەبڕیاری ژمارە 6ـی ساڵی 2019ش کە دادگای فیدراڵیی بەنایاسایی داناوە، پەیوەستە بەوەی کە هەر پارەیەک تەرخانبکرێت ئەگەر لە یاسای بودجەدا بونی نەبێت، پێچەوانەی یاسایە، بەگوێرەی ماددەی 27یش لە بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت دەبێت تەواوی شایستە داراییەکان و قەرزەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە 2004 ەوە تاوەکو 2020 پاکتاو بکرێن.

دادوەر جاسم محەمەد دەڵێت، بەگوێرەی یاسای بودجە و بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت، دادگای فیدراڵیی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ خەرجکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە، پابەندنەبونیش بەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی بە پێشێکردنی ماددەی 94ی دەستور دادەنرێت و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پابەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بن.

 لەدوای بڕیاری دادگای فیدراڵیی عیراق بۆ هەناردەنەکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان کاردانەوەی جیاوازی لەناوخۆ لێکەوتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کاردانەوەکانی حکومەتی عیراق ئەرێنی نیین و دادگای فیدراڵییش سوورە لەسەر بڕیارەکانی خۆی.

  
ژ.م
Qaiwan
Qaiwan