نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

رێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە هاوکاریی ژنان

لە زۆربەی ناوچەکانی دنیا، ژنان لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانیاندا رووبەڕووی توندوتیژی، جیاکاری و چەوساندنەوە دەبنەوە. بەشێکی ئەو پێشێلکارییانە هۆکارەکەی خودی ژن خۆیەتی، لەبەر ئەوەی شارەزاییەکی ئەوتۆیان نییە دەربارەی مافەکانیان و چۆنیەتی بەدەستهێنان و پیادەکردنیان. بۆ ئەو مەبەستە، چەندین رێکخراو و دامەزراوەی نێودەوڵەتی دروست بوون و رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە گۆڕینی پرسی ژنان بۆ پرسێکی جیهانی. دروشمەکانی یەکسانی، داواکارییەکان و نەهێشتنی جیاکاری، لە دەنگێکی نەبیستراوەوە گۆڕییان بۆ دەنگێکی بیستراوی سەرتاسەریی جیهانی، ئامانجەکانی ژنیان لە داواکاری و  خواستەوە گۆڕی بۆ ئەو یاسایانەی کە دەبێت جێبەجێ بکرێن لەلایەن دەوڵەتانەوە. دەیان رێککەوتننامە لە سەرتاسەری جیهان بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی ژنان واژوو کران، هەر بۆیە ئەو دامەزراوە و رێکخراوانە رۆڵێکی گەورەیان بینیوە لە هاوکاری و بەهێزکردنی تواناکان لە چەندین رووەوە و تا ئەمڕۆش کۆڵەکەیەکی سەرەکین بۆ پشتیوانیی ژن و پرسەکانیان. 
هەم وەک ناساندن، هەمیش وەک پێزانینێک بۆ هەوڵ و کۆششەکانیان، ئاماژە بە هەندێک لەو دامەزراوە و رێکخراوە نێودەوڵەتی و جیهانییانە دەدەین:
 
* کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR):
بەهۆی رەگەزەوە، لە هەندێک کۆمەڵگە ژنان رووبەڕووی جیاکاری و توندوتیژی دەبنەوە، لە کاتی ئاوارەبوون و راگوێزان و دەربەدەریدا ئەو دیاردەیە زیاتریش دەبێت. ئەو کۆمیسیۆنە هەوڵی جدیی دەدات بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانیان و پەیداکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و دابینکردنی بژێوی و بەهێزکردنی تواناکانیان بەمەبەستی داکۆکیکردن لە خۆیان و رووبەڕووبوونەوەی جیاکارییەکان کە دەرهەقیان دەکرێت، هەروەها بۆ رەخساندنی دەرفەتەکان و گەیشتن پێیان.
 
* ئەنجومەنینەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان (UNWomen):
ئامانجی سەرەکییان کارکردنە بۆ یەکسانیی لە نێوان نێر و مێ و بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی تواناکانی ژنان. ستراتیژی ئەو ئەنجومەنە، بریتییە لە:
- بەشداریپێکردنی ژنان لە ناوەندی دەسەڵات و بڕیاردا.
- بەهێزکردنی تواناکان و هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی دارایی و کاری گونجاو و شایستە بۆ دابینکردنی بژێوی.
- هەوڵدان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دەرهەق بە ژنان و بەسەربردنی ژیان لە کەشێکی دوور لە توندوتیژی.
- بەهێزکردنی تواناکانی ژنان بەمەبەستی بەشداریپێکردنیان لە دابینکردنی ئاشتی و ئارامیی لە کۆمەڵگەدا و بەشدایپێکردنێکی کاریگەرانە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە جیهاندا.
 
* کۆمەڵەی مافەکانی خانمان بۆ گەشەپێدان (AWID):
رێکخراوێکی جیهانیی مێگەراییە، هاوکاریی بزووتنەوەکانی مێگەرایی لە جیهاندا دەکات:
- جەخت دەکاتەوە لەسەر بەدەسهێنانی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ژن بەتایبەتی.
- تێدەکۆشێت بۆ یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە نێوان هەردوو رەگەز لەپێناو گەشەی کۆمەڵاتی.
- هەوڵ دەدات تواناکانی ژنان بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی سیستمە چەوسێنەرەوەکان ببنەوە.
 
* سندوقی جیهانیی بۆ ژنان (GlobalFundforWomen–GFFW):
رێکخراوێکی جیهانییە، هەوڵ دەدات پشتیوانیی ژنان بکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و نەهێشتنی توندوتیژی لە دژیان و بەهێزکردنی تواناکانیان لە رووی ئابووری، سیاسی و تەندروستییەوە. هاوکاری و یارمەتیی رێکخراوە چالاکەکانی ناوچەکان و وڵاتان دەدات لە رووی (مادی و مەعنەوی)ییەوە. هەروەها هەوڵی داوە تۆڕێکی فراوان لە نێوان رێکخراوە ناوچەییەکان دابمەزرێنێت بۆ سوود وەرگرتن لە یەکتری لە چەندین رووەوە.
 
* ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی ژنان (IWDA):
ئاژانسێکی ئوسترالیی قازانجنەویستە، پشتیوانی لە مافەکانی ژنانی ئاسیا و زەریای هێمن دەکات بە هاوبەشیی لەگەڵ رێکخراوەکانی ناوچەکان، هاوکارییان دەکات بۆ چۆنیەتی داڕشتن و ئیدارەدانی پرۆژەکان، هەروەها جەخت لەسەر سێ بواری سەرەکیی مافەکانی ژنان دەکاتەوە و کاریان بۆ دەکات (سیاسەت، بەهێزکردنی توانا ئابوورییەکان بەمەبەستی بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە، ئاشتی و ئارامی).
 
* دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ژن لەپێناو ژن (WFWI):
دامەزراوەیەکی مرۆڤدۆستی قازانجنەویستە، هاوکاریی مادی و مەعنەویی ئەو ژنانە دەکات کە لە بەرەکانی شەڕ رزگاریان بووە (پاشماوەکانی جەنگ) و بەمەبەستی رزگاربوونیان لە ئاسەوارە دەروونی و داراییەکان کە بەهۆی شەڕەوە رووبەڕووی بوونەتەوە؛ بۆ ماوەی یەک ساڵ هاوکاری هەر تاکێکیان دەبێت لە رووی دارایی، چارەسەری دەروونی، بەهێزکردنی تواناکانیان لە رووی خوێندەواری و هۆشیاری و شارەزابوون بە مافەکانیان، هەروەها لەسەر پەیداکردنی کار، بەتایبەتی کاری بچووک راهێنانیان پێ دەکات. ئەم رێکخراوە لەلایەن ژنێکی عیراقیی رزگاربووی شەڕی (عیراق – ئێران) بەناوی (زەینەب) دروست کراوە، کە ئێستا بە رەگەزنامە ئەمەریکییە.
 
* سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی ژن (UNIFEM):
ئەم رێکخراوە، هاوکارە لە رووی ئابووری و تەکنەلۆژییەوە، ستراتیژیان ئەوەیە هانی ژنان بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و بەشداریپێکردنیان لە بواری سیاسیدا، هەروەها لە رووی ئابوورییەوە سەربەخۆیی خۆیان هەبێت و رۆڵیان هەبێت لە فەراهەمکردنی ژیانێکی ئارام و هاوچەرخ. سەرەڕای ئەو کارانە، هاوکاریی دەزگا حکومییەکانیش دەکات بۆ پلاندان لە رووی جێندەری و بەشداریی جۆری کۆمەڵایەتی لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا.
 
* رێکخراوی ژنانی عەرەب (AWO):
رێکخراوێکی سەر بە کۆمکاری عەرەبییە و بارەگاکەی لە میسرە، زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان ئەندامن تێیدا. لە 16ی حوزەیرانی 2009 عیراقیش بووە ئەندام لەو رێکخراوەدا. ئەم رێکخراوە سێ ئامانجی سەرەکیی هەیە:
- بەهێزکردنی تواناکانی ژنانی وڵاتە عەرەبییەکان لە هەموو روویەکەوە، ئەمەش وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگەی عەرەبی سەیر دەکرێت.
- هۆشیارکردنەوە و گرنگیدان بەوەی کە ژن دەبێت هاوبەش و یەکسان بێت لە گەشەی بەردەوامى کۆمەڵگەدا.
- کارکردن بۆ یەکخستنی هەوڵ و کۆششی وڵاتە عەرەبییەکان بۆ بەهێزکردنی تواناکان و وشیارکردنەوەی ژنان و سوودوەرگرتن لە یەکتری.
 
جگە لەو دامەزراوە و رێکخراوانە، دەیان دامەزراوە و رێکخراوی نێودەوڵەتی و جیهانیی تر هەن، کە بەشێک لە بەرنامەکانیان بۆ ژن تەرخان کردووە، لەوانە: یونیسێف (UNICEF)، یونسکۆ (UNESCO)، رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (Human Rights Watch)، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)...
  
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan