نەرمین عوسمان
ژن و هاوڵاتیبوون
لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمەوە چالاکی و بزووتنەوەکانی ژنان توانیویانە زۆرێک لە بەربەستە یاسایی، سیاسی و ئابوورییەکان لەبەردەم پرسی ژنان و هاوڵاتیبوونیان لابدەن، لەگەڵ ئەو هەوڵ و کارانەش، هێشتا تێڕوانینە نەرێنییە کۆمەڵایەتییەکان و کولتوور و دابونەریتی نامۆ، گۆڕانکاریی ئەوتۆیان بەسەردا نەهاتووە، هێشتا ژن لە زۆر وڵات و بەتایبەتییش لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، وەک هاوڵاتیی پلە و دوو ئەژمار دەکرێن.
هەستکردن بە هاوڵاتیبوون، جا بۆ هەر کەسێک بێت، زۆر گرنگە، بەتایبەتییش بۆ ژنان، چونکە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر پەروەردە و گۆشکردنی منداڵە بە خۆشەویستیی وڵات، ئەوانن گیانی قوربانیدانیان تێدا دەچێنن و ئامادەیان دەکەن لەپێناو خاک و وڵات و پاراستنی دەستکەوتەکان تەنانەت گیانیشیان ببەخشن. هاوڵاتیبوون وەک چەمک و کردار، هەستکردنێکی راستەقینەی دڵسۆزانەیە بۆ وڵات و کارکردنە بۆ بەرز راگرتنی ئاشتی و ئارامی، هەستکردنە بە ئینتیما بۆ ئەو شوێنە جوگرافییەی لەسەری دەژی. ئینتیما بۆ نیشتمان، لەژێر سێبەری دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤە بۆ تاکەکانی ئەو خاکە (وڵاتە)، کە دەوڵەت لە رێگەی دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێویستییە سەرەکییەکان و فەراهەمکردنی ئازادی و دادپەروەری بۆیان دەستەبەر دەکات. تاک ئینتیمای کەم دەبێتەوە ئەگەر ببینێت ئەمانەی بۆ دابین نەکرابێت. بەداخەوە، ئێستا تاکی کورد ئەو ئینتیمایەی زۆر کەم بووەتەوە، ئەویش لەبەر چەندین هۆکار، کە دەوڵەت بەرپرسی سەرەکییە لەو کەمبوونەوەیە.
کۆمەڵێک پرسی ئاڵۆز لەم هەرێمەی ئێمەدا هەن، یەکێک لەو پرسە ئاڵۆزانە، پرسی ژنە. ژنان بەگشتی ئەو هەستەیان لا دروست بووە کە دەوڵەت نەیتوانیوە مافەکانیان دەستەبەر بکات، بۆیە هەستی ئینتیمایان کەم بووەتەوە، ئەمەش کاردانەوەیەکی بابەتیانەیە. ئەگەر تاک بزانێت دەوڵەت پشتگوێی دەخات، ئەویش ئینتیمای کەم دەبێتەوە. مافی نەبێت، ئەی بۆ ئەرکی هەبێت؟ ماف و ئەرک؛ لازم و مەلزوم و گرێدراوی یەکن.
دەوڵەت و دامەزراوەکانی، رێکخراوە پێشکەوتنخواز و پارتە سیاسییە دیموکراتخوازەکان، رێکخراو و چالاکوانەکانی ژنان پێویستە هەوڵی جدیی بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژن، بۆ ئەوەی ژنان هەستی هاوڵاتیبوون و هاوڵاتیی پلە یەک و یەکسان بە پیاویان لا دروست ببێت، تا بتوانن ئەرکی پەروەردەکردنی نەوەیەکی تەندروست بەباشی ئەنجام بدەن. ژن هەر بە سروشت بەخشندەیە و هەستی بەرپرسیارێتی بەرزە، بەرزتریش دەبێت و بەشدار دەبێت لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، بوێریی زیاتر دەبێت لە بەشداریکردن لە بوارەکان سیاسی، پەیداکردنی سەرچاوەی تری ئابووری، دڵسۆزیی بۆ خاک و داکۆکیکردن لە مافە زەوتکراوەکانی گەل و نەتەوە.
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
خ.غ
خ.غ