نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

پەروەردە و خوێندن و یەکسانیی نێوان نێر و مێ

یەکسانیی لە نێوان هەردوو رەگەز لە بواری خوێندندا، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی رێکخراوی یونسکۆ و پەیوەندی راستەوخۆی بە رەخساندنی بواری فێربوونەوە هەیە کە زەمینەی گەشەی بەردەوام دەستەبەر دەکات. لەپێناو ئەم ئامانجە، دەبێت پەیڕەوی بنەمای سوودمەندبوونی کچ و کوڕ، ژن و پیاو لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن و تەواوکردنی و بەرزکردنەوەی تواناکانیان بەشێوەیەکی یەکسان بکات و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنرێت. هێشتا بۆشاییەکی گەورە هەیە لە بواری سوودوەرگرتن لە خوێندن و تەواوکردنی لە زۆرێک لە ژینگەکاندا، بەتایبەتییش لە زۆربەی کاتەکاندا لەسەر حسابی کچانە، هەتا ئەگەر کوڕانیش لە هەندێک شوێن ئەو بوارەیان نەبێت، ئەوا لەو شوێنانە پشکی شێر هەر بەر کچان دەکەوێت بۆ تەواونەکردنی خوێندن، یاخود هەر نەچوونە بەر خوێندن. 

لەم سەردەمی پێشکەوتنەدا، بەپێی ئامار، ژنانی گەورەساڵ، دوو لەسەر سێی رێژەی نەخوێندەوارانن، کە نزیکەی 750 ملیۆن کەسن و هیچ جۆرە بنەمایەکی سەرەکییان نەبووە و نییە بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین.

لە نێوان ئەو کۆسپ و گرفتە زۆرانەی رووبەڕووی ژنان و کچان دەبنەوە و رێگرن لەوەی بچنە بەر خوێندن، یاخود خوێندن تەواو بکەن، دیارترینیان بریتییە لە: هەژاری، دووریی هەندێک ناوچەی جوگرافی، کەمەنەتەوەکان (ئەوانەی لە وڵاتێکدا کەمایەتین و ناچار دەکرێن بە زمانی دەوڵەت یان گەلی سەردەست بخوێنن)، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، شووکردن، زوو سککردن، توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەزی، کولتووری دواکەوتوو کە تێیدا رۆڵی جیاواز بە ژن دەدرێت، هەندێک جاریش هەڵە تێگەیشتن لە ئایین... بۆ لابردنی ئەو کۆسپانە، سەرەتا دەبێت کار لەسەر بوارەکانی پەروەردە و رۆشنبیری و راگەیاندن بکرێت. 

پەروەردەکردنی منداڵ لە سەرەتاوە لەناو خێزاندا و پەیڤی دایک و باوک، کاریگەری زۆری هەیە لەسەر چاندنی بەهاکان و بۆچوونەکان لەسەریان، کە تەنانەت لە کاتی گەورەبوونیشیان گۆڕانیان ئەستەمە، بۆ نموونە؛ پەروەردەکردنی منداڵ لەسەر رۆڵی ژن و پەیوەندی بە پیاوەوە بەو شێوەیەی کە هەتا ئێستاش لە وڵاتانی جیهانی سێ پەیڕەو دەکرێت، کاریگەری زۆری هەیە لەسەر دروستکردنی نەوەیەک کە بیری یەکسانیی نێوان هەردوو رەگەزیان تێدا دروست نابێت. پاشان لە قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی و دواتریشدا زۆر جار بیرۆکەی جیاوازییان زیاتر لا جێگیر دەبێت، ئەویش لە رێگەی رەفتاری مامۆستاکان و مەنهەجی خوێندن کە دەبوو سەرچاوەی سەرەکیی رۆشنبیریی کۆمەڵگە بن، بۆیە دەبێت پرۆگرامەکانی خوێندن و سیستمی پەروەردەیی بەجۆرێک دابڕێژرێنەوە سەرتاپا جیاکاریی نەهێڵن و لە رەگ و ریشەوە دەری بهێنن. دەکرێت لە رێگەی ئەو بابەت و چیرۆکانەی لە وانەکاندا دادەنرێن و شێوازی وتنەوەیان و چالاکییە هەمەجۆرە بەرنامەبۆداڕێژراوەکان، ئەو جیاوازییە بنەبڕ بکرێت و بتوانرێت وێنا باوەکەی کۆمەڵگە هەڵوەشێتەوە و لەجیاتی ئەو وێنا باوە، یەکسانیی نێوان هەردوو رەگەز فەراهەم بکرێت و رێز لەو یەکسانییە بگیرێت. هەروەها جگە لە خوێندکار، دەبێت بەرنامە و رێنوێنی بۆ دایک و باوک، مامۆستا، هونەرمەندان، پزیشکی بواری دەروونیی منداڵان، دەزگاکانی راگەیاندن، چاودێرەکان، توێژەرەکان، کەسانی خاوەنی بڕیار لە بواری پەروەردە و خوێندن، بەڕێوەبەر، راوێژکاران، ئەوانەی ناوەندانەی چیرۆکی منداڵان بڵاو دەکەنەوە لە کەرتی تایبەت و هەرچی پەیوەندی بە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری و خوێندنەوە هەیە، هەبێت. بەم جۆرە دەتوانرێت هەنگاو بە هەنگاو کارێکی ئەوتۆ بکرێت کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە بواری باوەڕ بە یەکسانیی نێوان هەردوو رەگەز دروست بکرێت، ئەمەش ئەرکی یەک لایەن نییە، بەڵکوو فرەلایەنە. ئەگەر ئەمە کرا، ئەوا نەوەیەکی نوێ پەیدا دەبێت کە بە شێوازێکی تەندروست پەروەردە بوون و تێڕوانینی جیاواز و نوێیان بۆ یەکسانی و مافەکان دەبێت، ئیتر هەنگاوەکان دەچنە سەر سکەی خۆیان و تەنیا پێویستیان بە هاندان و بەردەوامی دەبێت.
 
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan