نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ژن و شۆڕش

ژن و شۆڕش پەیوەندییەکی قووڵی دێرینیان هەیە، لە دێرزەمانەوە، پێش زایین، سەدان ژن سەرکردایەتی شۆڕش و راپەڕین و یاخیبوونیان کردووە. بوونی ژن لە شۆڕشەکاندا، نیشانەیەکی بەهێز و تەندروستە، وایان کردووە پرۆژەی گۆڕانکارییەکان بگۆڕێن بۆ پرۆژەیەکی کۆمەڵایەتی، کە ئەوەش سەرچاوەی هێز بووە بۆ شۆڕشەکان.

ژنە شۆڕشگێڕەکان خەونیان بە ئازادییەوە بینیوە، بۆ ئەو ئازادییەش ئامادە بوون گیانی خۆیان ببەخشن، چونکە باوەڕیان وا بووە کە ئازادیی نادرێت، بەڵکوو دەسەنرێت. هەوڵیان داوە و کاریان کردووە بۆ ئەوەی بە شێوەی چەکداری، یاخود یاخیبوون، یان شۆڕشی ئاشتییانە ماف و خواستەکانیان بەدەست بهێنن. 

زۆر جار لە مێژوودا بەشداریی ژنان لە شۆڕشەکاندا بە کۆمەڵ بووە، هەندێک جاریش وەک تاک و سەرکردە؛ گەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین، زۆرێک لەو ژنانە دەبنین، لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لەو ژنانە دەکەین کە سەرکردایەتی شۆڕشی گرنگی جیهانییان کردووە:

- لە سەدەی یازدەی پێش زایین، بەپێی مێژووی بەریتانیا، شازادە (گویندۆلن - Gwendolen) هێزێکی سەربازیی کۆ کردەوە و شەڕی لەگەڵ مێردە کۆنەکەی کردووە و شکاندوویەتی، پاشان خۆی بووە بە شازادە و هاتووەتە سەر تەختی پاشایەتی.
- لە ساڵی 131ی پێش زایین، شازادەی میسر، کلیۆپاترای دووەم، سەرکردایەتی یاخیبوونێکی دژ بە بەتلیمۆسی هەشتەم، پاشای میسر کردووە و توانیویەتی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بەتلیمۆس و کلیۆپاترای سێیەم دەر بکات.
- لە ساڵی 42ی پێش زایین، فولوڤیا (Fulvia)، هاوسەری مارک ئەنتۆنی (مارکۆس ئەنتۆنیۆس)، سەرکردایەتی راپەڕینێکی دژ بە قەیسەر (ئاگۆستۆس) کرد.
- لە ساڵی 14ی زایینی، دایکە لو، پاش لەسێدارەدانی کوڕەکەی بەهۆی تاوانێکی بچووک لەلایەن حکومەتی هەرێمی هایکو، سەرکردایەتی یاخیبوونی جووتیارانی دژ بە وان مانگی ئیمپراتۆری چین لە خانەوادەی شین کرد. دایکە لو، نازناوی جەنەراڵی وەرگرت، سەرکردایەتی هێزە یاخییەکانی بۆ گرتنی پایتەختی هەرێمی هایکو کرد، پاش دەستگیرکردنی ئەو دادوەرەی فرمانی لەسێدارەکانی کوڕەکەی دەر کرد، سەری پەڕاند و کردیە قوربانیی بۆ گۆڕی کوڕەکەی.
- لە ساڵی 40ی زایینی، خوشکانی ترونج، دژی لێپرسراوە داگیرکەرە چینییە گەندەڵەکانی سەر بە ئیمپراتۆریەتی هان سەرکردایەتی یاخیبوونیان کرد، لە ڤێتنام وەک پاڵەوانی نەتەوەیی دەناسرێن.
- ساڵی 60 – 61ی زایینی، بودیکا (Boudicca)، شاژنی هۆزی ئیکێنی سێڵتیک لە بەریتانیا، سەرکردایەتی راپەڕینێکی مەزنی دژ بە هێزەکانی ئیمپراتۆریەتی رۆمانیای داگیرکەر کرد و دوو جار بەسەریاندا زاڵ بوو. لە بەریتانیا بە پاڵەوانێکی نیشتمانیی دادەنرێت.
- لە ساڵی 270ی زایینی، زەنۆبیا، شازادەی ئیمپراتۆریەتی تەدمور، سەرکردایەتی شۆڕشێکی مەزنی دژ بە ئیمپراتۆریەتی رۆمانی کردووە و هێزەکانی توانیویانە دەسەڵات بەسەر میسری رۆمانی و بەشێکیش لە ئاسیای بچووک و باکووری سوریادا بگرن.
- لە ساڵی 378ی زایینی، شاژنە ماڤیە، سەرپەرشتی هاوپەیمانییەکی عەرەبەکانی باشووری شام و رۆژهەڵاتی ئوردنی کردووە، سەرکردایەتی هێزە شۆڕشگێڕەکانی دژ بە دەسەڵاتی رۆمانییەکان کردووە و چەندین جار شکستی پێ هێناون، دوای ئەوەی هێزەکانی گەیشتنە سنووری میسر، رۆمانییەکان ناچار بوون کەوتنە گفتوگۆ و ئاگربەست لەگەڵیان.
- لە سەدەی حەوتەم، شاژنە دیهیا، ناسراو بە شاژنی بەربەر، لە پاش پاشا کسیلە بۆ ماوەی 35 ساڵ حوکمی بەربەرییەکان و ئەمازیغییەکان و باکووری ئەفریقای کردووە، سەرکردایەتی چەندین شەڕی بەرگری دژی رۆمانییەکان، عەرەب و بێزەنتییەکان کردووە، هەروەها سەرپەرشتی بەرگریی ئەمازیغییەکانی کردووە دژ بە چوونی ئیسلام بۆ مەغریب.
- لە ساڵی 1539ی زایینی، گایتانا، یاخود کاکاسیا گایتانا، پێشەوایەکی ئایینیی کۆڵۆمبیيە، سەرپەرشتیی شۆڕشی چەکداریی دژ بە کۆلۆنیای ئیسپانی لە ئەمەریکای لاتین کردووە.
- ئانا دی سوزا، کە بە شاژنی نزینگا ناسراوە، شاژنی هەردوو شانشینی ندونگو و ماتامبا بووە، یەکێکە لە بەناوبانگترین ئەو ژنانەی بەشداریی شۆڕشی بەرگریی کردووە دژ بە داگیرکەری ئەوروپی، بۆ ماوەی 40 ساڵ (1620 – 1660) لە ئەنگۆلا سەرکردایەتی شۆڕشی کردووە دژ بە پورتوگالییەکان.
- لە ساڵی 1720، شاژنە نانی، یاخود داپیرە نانی (سەرکردەی ئەفسانەیی مارۆنە جامایکییەکان)، سەرپەرشتی شەڕی پارتیزانیی کۆیلە یاخیبووەکانی دژ بە بەریتانیا کردووە، کە بە شەڕی مارۆنی یەکەم ناسراوە... لەناو گەلی مارۆندا پێی دەڵێن "دایەن" و دراوی 500 دۆلاریی جامایکی وێنەی ئەوی لەسەرە. 
- ساڵی 1760 – 1790، رانی ڤیلۆ ناچیار، شاژنی سیڤاگانگە، یەکەم شاژنی هیندستان بووە شەڕی لەگەڵ کۆمپانیای رۆژهەڵاتی هیندستان (سەر بە کۆلۆنیاڵی بەریتانی) کردووە. زمانزان بووە و زمانەکانی (ئینگلیزی، فەرەنسی و ئۆردو)ی زانیوە، هەروەها شارەزا و راهێنراوی چەندین شێوازی شەڕ بووە.
- لە ساڵی 1763، گابرێلا سیلانگ، شۆڕشگێڕی فلیپینی، پاش کوشتنی مێردەکەی کە سەرپەرشتیاری شۆڕش بوو، سەرپەرشتی شۆڕشی دژی ئیسپانیا کرد بەمەبەستی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی (ئیلوکوس).
- لە ساڵی 1778، ئەلتازارا چوێزا، لە ئیکوادۆر سەپەرشتی یاخیبوونی دژی ئیسپانیای داگیرکەری کردووە.
- لە ساڵی 1780، هویلاک نیوسکا، لە خانەوادەی کولا، سەرپەرشتی یاخیبوون و شۆڕشی دژی ئیسپانیای لە چیللی کردووە.
- لە ساڵی 1781، مانوێلا بێلتران، سەرپەرشتی شۆڕشی جوتیارانی کردووە لە دژی زیادکردنی باج لەلایەن حکومەتی ئیسپانی داگیرکەرەوە. یەکێک بووە لەو ژنە دەگمەنانەی کە لەو سەردەمەدا خاوەنی بازرگانیی تایبەت بە خۆی بووە، هەروەها سەرەڕای ئەوە خەڵکی ئەو ناوچەیە نەخوێندەوار بوون، بەڵام ئەو خوێندەواریی هەبووە
- لە ساڵی 1781، بارتۆلینا سیسا، خاتوونێک لە هۆزی ئەیمارا، پاڵەوانێکی رەسەنی چارکاس، هاوشانی هاوسەرەکەی، سەرکردایەتی راپەڕینی بۆلیڤیای دژ بە ئیسپانیای داگیرکەر کردووە. لە 5ی ئەیلولی 1782، پاش ئەشکەنجەدان و سووکایەتیپێکردنێکی زۆر لەبەر چاوی خەڵکدا، لە سێدارە درا و پاشان لاشەکەی پارچە پارچە کرا و هەر پارچەیەکی نێردرا بۆ شوێنێک بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین لەناو خەڵکدا.
- لە ساڵی 1796 – 1798، وانگ کۆنگیر، یەکێک بووە لە سەرکردەکانی یاخیبوونەکەی لۆتسی سپی لە چین.
- لۆرێنزا ئاڤێمانای، لە ساڵی 1803لە ئیکوادۆر سەرکردایەتی راپەڕینێکی دژ بە ئیسپانیای کردووە، دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسپانیاوە دەستگیر کرا و لە سێدارە درا.
- ماریا ئەنتۆنیا سانتۆس پلاتا، لە نیوگرانادین کۆڵبەر بوو، لە ساڵی 1819 سەرکردایەتی گەریلا یاخیبووەکانی لە ئێل سۆکۆرۆ کردووە دژی هێزە چەکدارەکانی ئیسپانیا، دواتر گیرا و فەرمانی گوللەبارانکردنیان دا. لیوایەکی سوپای کۆڵۆمبیا بە ناوی ئەوەوە ناونراوە.
- لاسکارینا بوبولینا، پاڵەوانی نیشتمانیی یۆنانی لە دوورگەی هیدرا، سوپاسالارێکی دەریایی یۆنانی بوو لە سەردەمی شەڕی سەربەخۆیی یۆنان لە دەست تورکەکان لە ساڵی 1821. مێژوونووسان پێیان وایە ئەگەر بوبولینا نەبوایە ئەوا سەرکەوتنی شۆڕشی یۆنان کارێکی ئەستەم دەبوو.
- کیتور چیناما، شاژنی کیتوری هیندی، لە ساڵی 1824سەرکردایەتی بەرخودانێکی چەکداریی دژی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی کردووە، جووڵانەوەکەی سەری نەگرت و شەهید بوو. رەمزێکی گرنگی بزووتنەوەی سەربەخۆیی هیندستانە.
- لە ساڵی 1831، ئەمیلیا پلاتەر، ژنێکی خانەدان و شۆڕشگێڕ بووە، پاڵەوانێکی نیشتمانییە لە پۆڵەندا و لیتوانیا، بەشداریی چەند شەڕێکی کردووە پلەی نەقیبی هەبووە لە هێزی یاخیبووەکاندا، لە راپەڕینی پۆڵەندادا و نازناوی سەرکردەیان پێ داوە.
- کارلۆتا، ناسراو بە لا نێگرا کارلۆتا، یەکێک بووە لەو سێ سەرکردەیەی سەرپەرشتیی یاخیبوونی کۆیلەکانیان لە کوبا کردووە.
- لە ساڵی 1857 – 1858، مانیکارنیکا تامبی، یاخود رانی لاکشمیبای، لاى هیندییەکان بە (مانو) ناسراوە. هەستێکی بەرزی نەتەوایەتی هەبووە و بەردەوام دژی بەریتانییەکان بووە. سەرکردایەتی شۆڕشی ساڵی 1857ی کردووە. لە 17ی حوزەیرانی 1858 لە شەڕێکدا لەلایەن بەریتانییەکانەوە کوژرا. 
- لە ساڵی 1898، نیهاندا نياكاسيكانا، سەرکردەی رۆحیی گەلی شونا، یەکێک بوو لە سەرکردەکانی راپەڕینێک دژی ئیستیعماری بەریتانی  لەو ناوچەیەی ئێستا وڵاتی زیمبابۆیە.
- لە ساڵی 1900، یا ئەسانتیوا، کە بە "شاژنی دایک" ناسراوە، سەرکردایەتی هێزەکانی ئاشانتی (بەشێکە لە وڵاتی گانا) دەکرد لە شەڕی سەربەخۆیی لە دژی بەریتانییەکان کە شەڕەکە بە شەڕی (پیسایی زێڕین) بەناوبانگە.
- رۆزا لۆکسمبۆرگ، سەرکردایەتی کۆمەڵەی سپارتاکۆسی دەکرد دژی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەڵمانیا. یەکێکە لە دامەزرێنەرانی حزبی شیوعی ئەڵمانی. دوای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی سپارتاکۆس لە ساڵی 1919 تیرۆر کرا.
- لە ساڵی 1950، بلانکا کانالیس، یەکێک بوو لە سەرپەرشتیارانی راپەڕینی جایویای لە پۆرتۆریکۆ دژی حکومەتی فیدراڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دواتر بە تاوانی کوشتنی ئەفسەرێکی پۆلیس دەستگیر کرا.
- ئانی پاچن دۆلما، راهیبەیەکی بوزییە لە تبت، لە ساڵی 1958سەرکردایەتی یاخیبوون و شەڕی پارتیزانەکانی کردووە کە لە 600 شەڕکەر پێک هاتوون و لەسەر پشتی ئەسپ بەرەنگاری تانکەکانی چینی شیوعی بوونەتەوە.
- ساڵی 1986 – 1987، ئەلیس ئاوما، سەرکردایەتی یاخیبوونی دژی هێزەکانی حکومەتی ئۆگەندا کردووە.
- لە ساڵی 1994، کۆماندانتا رامۆنا، لە چوارچێوەی راپەڕینی هێزی زاباتیستا بۆ ئازادیی نەتەوەیی، بە سەرکردایەتی هێزێک شاری سان کریستۆبال دی لاسی کۆنترۆڵ کرد.
 
بە هەزاران ژنیش لە سەرتاسەری جیهان سەرپەرشتیی یاخیبوون و شۆڕشی ئاشتییانەیان کردووە. هەندێک جار، بەشێک لەو یاخیبوونانەی ژنان، بوونەتە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕش و گۆڕانکاری سیستمی دەسەڵاتدارەکان، بۆ نموونە؛ لە ساڵی 1789 کاتێک نرخی نان لە فەرەنسا لە سەدا هەشتا و هەشت بەرز بووەوە، ژنانی بازاڕە میللییەکان لە پاریس بەیەکەوە ناڕەزاییان دەربڕی و بوو بە شەپۆلی دووەم لە شۆڕشی فەرەنسی، ئەو شۆڕشەی عەرشی دەرەبەگایەتی لە ئەوروپا هەڵتەکاند. ئەو ژنانە (حەوت هەزار) ژن بوون، کە بەرەو باڵەخانەی ڤێرسای رۆیشتن. هەروەها لە شۆڕشی پاریس لە ساڵی 1871، ژنانی فەرەنسی هەر لە سەرەتاوە بەشداری و رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو و بوون بەهۆی دروستکردنی (کۆمۆنی پاریس).

لە 8ی ئازاری 1917، لە گەڕەکی فابورگ، لە شاری بترۆگرادی رووسی، کرێکارانی کارگەی چنین، مانگرتنیان کرد و دوای ئەوەی خۆپیشاندەران زۆر بوون، بەرەو ئەنجومەنی (دۆما) رۆیشتن و بوو بەهۆی هەڵگیرساندنی شۆڕشی رووسی. لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (مێژووی شۆڕشی رووسی) لیۆن ترۆتسکی دەڵێت: ژنان زۆر ئازاتر بوون، خاوەن هێز و توانا بوون و بە بەشداریکردنیان توانییان زاڵمترین و دڕندەترین قەیسەر لە هەموو ئەوروپا لابەرن. 
هەروەها رۆزا پارکس، ژنێکی رەشپێست لە ئەمەریکا، لە دژی یاسایەکی ئەمەریکی یاخی بوو و لەناو پاسدا هەڵنەستا بۆ پیاوێکی سپیپێست، دوای دادگاییکردنی، هەڵسوکەوتەکەیان بە دژی یاسا ناساند و بوو بەهۆی ئەوەی رەشپێستەکان سواری پاس نەبن و یاخی ببن و هەڵچوونێکی مەزن بۆ بەدەستهێنانی یەکسانیی دروست بوو. هەڵچوونەکە 381 رۆژی خایاند و دادگەی ئەمەریکایان ناچار کرد ئەو یاسایە بگۆڕێت.
تەوکەل کرمان، لە گۆڤاری تایمزی ئەمەریکی بە شۆڕشگێڕترین ژن لە مێژوودا ناوبراوە. بەهۆی بەشداریکردنی لە بزووتنەوەکانی بەهاری عەرەبیدا، خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت. 
ئەمانە مشتێکن لە خەروارێک، ئەرگەنا، باسی خەبات و ئازایەتی ژنان لە مێژوودا، نەک بە وتارێک و دووان، بگرە بە چەند کتێبێکیش کۆتایی نایەت.
  
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan