عیراقی
"ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عیراق و تورکیا گەیشتووەتە 20 ملیار دۆلار"
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عیراق و تورکیا گەیشتووەتە 20 ملیار دۆلار، ئاماژە بەوەشدەکات لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا باسی تووندوتۆڵکردنی سنوور و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری دەکات.
محەمەد شیاع سوودانی لە وتارێکدا کە ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عیراق بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی "سەردانەکەمان بۆ تورکیا گرنگییەکی تایبەتی ھەیە و ھاوکاتە لەگەڵ ئەو پێشھاتە ئەرێنیانەی کە لەئێستادا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی بەھێزکردنی ھاوکارییەکانی نێوان وڵاتان و خستنەگەڕی ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە تەواوکاریی ئابووری و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆ ھاتوونەتە ئاراوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە "دەمانەوێت ژمارەیەک پرۆژە لە کەرتەکانی وزە و گواستنەوە جێبەجێبکەین بۆ ئەوەی عیراق لە رێگەی پرۆژەی بەندەری فاوی گەورەوە بکەین بە ناوەندێکی بازرگانیی جیھانیی لەنێوان ئەوروپا و ئاسیا".
سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ولاتەکەی و تورکیا، سوودانی دەڵیت "لەئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەردوو وڵات گەیشتووەتە 20 ملیار دۆلار".
سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەوەشی روونکردووەتەوە "لە گفتوگۆنماندا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا باس لە ھاریکاریی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات دەکەین، بەتایبەتی ئەوەی بوارەکانی توندوڵترکردنی سنوور و ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگری".
خ.غ