چیمەن عەبدولڕەحمان

چیمەن عەبدولڕەحمان

منداڵی ئیشکەر

منداڵ مافی خۆیەتی چێژ لە ژیان ببینێت و یاریی بکات، نەک بەناچاری کاری پێ بکرێت. ئەرکی دەوڵەت و خێزانە کەشێکی ئارام و خۆشگوزەران و لایەق بە منداڵ فەراهەم بکەن، نەک ئەرکی منداڵ بێت بژێوی خێزان لەئەستۆ بگرێت. زۆربوونی منداڵی ئیشکەر و فرۆشیار و دەستگێڕ لە ناوبازاڕ و سەر شەقامەکان بەرەو هەڵکشان دەچێت و خەریکە دەبێتە شتێکی ئاسایی، ئەم دیاردەیە دیاردەیەکی نەخوازراوە و دژ بە مافەکانی مرۆڤ و منداڵە. هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دیاردەیە بریتین لە:
- هەژاری: هەژاری، رۆڵێکی گەورە و دیار دەبینێت بۆ کارپێکردنی منداڵان. لەگەڵ ئەوەی چەندین هۆکار هەن وا لە منداڵ دەکەن کار بکات لە دەرەوە، بەڵام بەپێی توێژینەوەکان؛ هەژاری، سەرەکیترینیانە. دەتوانین بڵێین بەخێوکەرەکان هانیان دەدەن کار بکەن نەک منداڵ خۆی ئارەزووی لێیە. ئەو خێزانانەی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، ناتوانن ئەرکی بژێوی بەجێ بهێنن، بۆیە منداڵەکانیان دەنێرن بۆ کارکردن و بەبێ رەزامەندی خۆیان ناچار دەبن ئەو ئەرکە قورسە لەئەستۆ بگرن.
- نەبوونی هەلی کار: زیادبوونی رێژەی بێکاری، دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی دیاردەی کارکردنی منداڵان، چونکە لەو حاڵەتەدا هەلی کاری بچووک بۆ منداڵ و بە کرێی کەمتر، زیاتر دەڕەخسێت وەک لە هەلی کار بۆ گەورەکانی خێزانەکەی.
- کێشەی دارایی دەوڵەت: کاتێک وڵاتێک لە رووی ئابوورییەوە لاواز بێت و نەتوانێت وەک پێویست پێویستییە سەرەکییەکانی خەڵکەکەی دابین بکات؛ ئەوا ئاستی هەژاری و ناسەقامگیریی دارایی دروست دەبێت و بەمەش ئاستی داهاتی تاک کەم دەکات و خێزانەکان ناچارانە پەنا دەبەنە بە کارپێکردنی منداڵەکانیان.
- بابەتی بیمەی کۆمەڵایەتی: نەبوونی پلان بۆ بیمەی کۆمەڵایەتی و هاوکاری لە کاتی بێکاری و نەبوونی هاوکاریی خێزان، هۆکارێکی ترە بۆ کارپێکردنی منداڵان.
- شەڕ و ناسەقامگیری باری ناوخۆ: بوونی شەڕ جا لەسەر ئاستی دەرەوە بێت یان ناوخۆ، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ داڕمانی باری ئابووریی دەوڵەت. ئەو وڵاتانەی رووبەڕووی شەڕ دەبنەوە، یاخود ئاسایشی ناوخۆیان رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، ناچارن بودجەیەکی زەبەلاح بۆ کەرتی سەربازی و پڕچەککردن خەرج بکەن، کە ئەو بودجەیەش لە کەرتەکانی تر کەم دەکرێتەوە، ئەمەش کاریگەریی دەبێت بۆ سەر کۆی کایەکانی کۆمەڵگە لەسەروو هەمووشیانەوە خێزان.
- گۆڕینی باری دیمۆگرافی: راگواستن، یاخود کۆچ لە گوندەوە بۆ شار، لە هەر وڵاتێکدا روو بدات، هەڵەیەکی ستراتیژی و کوشندەیە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەهۆی چڕکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان لە شارەکان و پشتگوێخستنی گوندەکان و بایەخنەدان بە کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵەوەیە. 
گۆڕانی باری ژینگە و بەبیابانبوون، یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی گۆڕینی باری دیمۆگرافی.
- نەبوونی پلان: لەو وڵاتانەی سیستمی دامەزراوەییان لاوازە و بە پلانی ورد و زانستییانە کار ناکەن، دامەزراوەکانی دەوڵەت و سەندیکاکان چاودێرییەکی توندی کارگەکان و شوێنی کار بە باشی ناکەن؛ پیشەوەران و بازرگانە چاوچنۆکەکان ئەم هەلە دەقۆزنەوە و بە بڕە پارەیەکی کەم کار بە منداڵان دەکەن. سەبارەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی خێزان و منداڵ بە ئەرکی خۆی نازانێت و پێی وایە بەخێوکردنی منداڵ تەنیا ئەرکی خێزانە... لەگەڵ ئەوەش، هیچ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیەک لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دیاردەکە ناکات و داتایەکی راستودروست لەوبارەیەوە لەبەر دەست نییە.

جگە لەو چەند خاڵەی ئاماژەم پێ کردن، هەندێک هۆکاری کۆمەڵایەتی و کولتوورییش هەن بۆ بوونی ئەو دیاردەیە، لەوانە:
- هەندێک خێزان وا دەزانن ئەگەر منداڵ کار بکات، ئەوا کەسایەتیی بەهێز دەبێت و لەسەر پیشە و رێگەی باوانیان بەردەوام دەبن، بەتایبەتییش بۆ کوڕ، کچانیش لە ماڵەوە ئەرکێکی تریان دەخەنە ئەستۆ.
- لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان و وڵاتانی جیهانی سێ، گوێ بە ژمارەی منداڵ نادرێت، بۆ نموونە؛ لای خۆمان وا باوە دەڵێن: "هەر منداڵە رزقی خۆی بەناوچەوانی خۆیەوەیەتی". کاتێکیش خێزانێک ژمارەی منداڵەکانیان زۆر دەبێت، دایک و باوک ئەرکیان قورس دەبێت و ناتوانن پێویستییەکانی خێزانەکە دابین بکەن، منداڵ ناچار دەکەن کار بکەن و پشت بە خۆیان ببەستن. 
- هەندێک منداڵ بەهۆی نەبوونی سەرپەرشت و باوک، ناچارن کار بکەن بۆ دابینکردنی بژێوی ئەندامەکانی تری خێزان، کە ئەمە ئەرکی دەوڵەتە نەهێڵێت ئەرکی بژێوی خێزان لە ئەستۆی منداڵدا بێت.
- هەندێک جار توندوتیژیی خێزانی و نەبوونی کەشێکی ئارام لەناو ماڵدا، بەتایبەت ئەو منداڵانەی تووشی لێدانی زۆر دەبنەوە، لە ماڵ را دەکەن و پەنا بۆ سەر شەقام دەبەن، یان سواڵ دەکەن یان کاری بچووک و سەرپێیی.
- نەبوونی هیوایەکی گەورە بە خوێندن و دەستەبەرنەکردنی هەلی کار دوای تەواوکردنی خوێندن. 

چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە:
لەگەڵ دەستخستنە سەر هەر برینێک، زۆر گرنگە هەتوانەکەشی دیاری بکرێت، بۆیە لێرەدا هەندێک چارەسەر و پێشنیار بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی کارپێکردنی منداڵان دەخەینە روو:
- هەوڵدان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی مافی منداڵ و یاسای کار کە تایبەتە بە کاری منداڵ.
- دانانی سزای توند بۆ ئەو کەسانەی یاساکانی کارپێکردنی منداڵان جێبەجێ نەکات.
- دانانی دەقی یاسایی ورد و دراسەکراو، بەجۆرێک یاساکان هەموو بوارێک بگرنەوە، تەنانەت ئەرکە کشتوکاڵییەکان، یاخود کارکردن لەگەڵ باوک و برا لە شوێنی کار.
- قەدەغەکردنی کارپێکردنی منداڵ لەناو ماڵان.
- دانانی چاودێر و پشکنەری تایبەت بۆ گەڕان بەدوای ئەو منداڵانەی کاریان پێ دەکرێت و دۆزینەوەی هۆکارەکان و چارەسەرکردنیان.
- بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاریی ئەو چاودێر و پشکنەرانە و شارەزاکردنیان بە مافەکانی منداڵ و کارکردن.
- کردنەوەی خولی تایبەت بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی پێدانی زانیاریی پێیان لەو بوارەدا.
- بەدواداچوونی وەزارەتی پەروەردە بۆ هۆکاری وازهێنان لە خوێندن و دانانی پلان بۆ رێگریلێکردنی.
- دروستکردنی پەیوەندی و ئەنجامدانی چالاکی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ ئەو رێکخراوانەی کار بۆ نەهێشتنی دیاردەی کارپێکردنی منداڵان دەکەن، وەک: رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO)، یەکێتیی ئەوروپا (EU)، یونيسێف (UNISEF) و رێکخراوە ناوخۆییەکان... دەکرێت هەرێم سوودی تەواو لە توانای مرۆیی و دارایی ئەو رێکخراوانە وەربگرێت بۆ چارەسەرکردن و بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan