راپۆرت

ژنانی زیانلێكەوتووی زەمینلەرزەكەی توركیا رووبەڕووی تووندوتیژیی و هێرشی مەرگ دەبنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ژنانی زیانلێكەوتووی زەمینلەرزەكەی توركیا رووبەڕووی تووندوتیژیی و هێرشی مەرگ دەبنەوە
 مەودا میدیا-

نزیكەی دوو مانگ و نیو بەسەر زەمینلەرزە بەهێزەكەی ناوچەكانی باشووری توركیا تێپەڕبووە كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران كەس و ژێرخانی ئابووریی ناو   چەكەی داڕماند، بەڵام هێشتا چارەسەری كێشەكانی ژنان و كچانی ناوچەكانی بەركەوتووی زەمینلەرزەكە وەك تووندوتیژیی خێزانیی، نەگەیشتن بە ئاوی خاوێن و كەرەستەكانی پاكژیی و خزمەتگوزاریی گشتیی بە هەڵپەسێردراویی ماونەتەوە، كە پاش ئەوەی خانووەكانیان لە ئەنجامی زەمینلەرزەكەی مانگی شوباتی رابردوو داڕماوە ناچار بە ژیانکردنی سەخت بوون.

وتەبێژی یەكێك لە رێكخراوەكانی تایبەت بە ژنان كە یەكێكە لە چالاكترین دامەزراوەكانی بەرگریكردن لە مافی ژنانی توركیا لەوبارەیەوە نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی جۆراوجۆر لەناو ئەو ژن و كچانەی لە كامپەكانی تایبەت بە زیانلێكەوتووانی زەمینلەرزەكان نیشتەجێكراون، ئەوەش بەهۆی دابیننەكردنی ئاوی پاكژ و پێداویستییە گشتییەكانی تەندروستی و ئاماژەی بەوەكردووە "تەنانەت ئەو خانمانە ناتوانن پۆشاكەكانیشیان بشۆن" كە ئەو كێشەیە سەرجەم دانیشتوانی كامپەكانی زیانلێكەوتووانی زەمینلەرزەكان رووبەڕووی دەبنەوە تەنانەت پیاوانیش، بەڵام زیاتر خانمان لێی زیانمەندن.

مێلێك ئۆندێر، وتەبێژی سەكۆی (كوشتنی ژنان رادەگرین) لەمیانی چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە "لەناو كامپەكاندا دابیننەكردنی ئاو و كەرەستەی پاكژی تەندروستی، كێشەیەكی بچووكترە بەراورد بە رووبەڕووبوونەوەی ژنان لەگەڵ توندوتیژیی خێزانی، چونكە ئەو ژنانەی پێشتر لە پرۆسەی جیابوونەوەدا بوون لەگەڵ هاوژینەكانیان لە ئێستادا ناچارن بەوەی سەرلەنوێ لەگەڵیاندا بژین لەناو كامپەكاندا، لەو چوارچێوەیەشدا رووبەڕووی ئەشكەنجە بوونەتەوە و تەنانەت كار گەیشتووەتە كوشتن".

ئەو چالاكوانەی مافی ژنان ئاشكرایكردووە "ژنێكی گەنج سەردانی ویلایەتی (هاتای) كردووە كە یەكێكە لە ناوچە زیانلێكەوتووەكانی زەمینلەرزەكە، بەمەبەستی بینینی كوڕەكەی، بەڵام لەلایەن هاوژینەكەیەوە كە لە پرۆسەی جیابوونەوەدابوون هێرشكراوەتە سەری، هەفتەی رابردووش كچی هەمان ژن لە كامپێكی هاتای لەلایەن پیاوێكی دیكەوە بە گوللـە كوژراوە، ئەو پیاوە لە دانپێدانانەكانیدا وتوویەتی رووداوەكە بەهەڵە لەمیانی بەكارهێنانی چەكی راوكردن روویداوە".

لە درێژەی وتەكانیدا مێلێك ئۆندێر وتوویەتی، لە هەفتەكانی رابردوودا ژنێك كە خانووەكەی لە زەمینلەرزەكەدا وێران بووە ناچاربووە بچێتە خانووی هاوژینی پێشووی و لەلایەن ئەو پیاوەوە رووبەڕووی تووندوتیژی بووەتەوە، پیاوێكی دیكەش بە ئاوی كوڵاو كچێكی گەنجی سووتاندووە و بەهانەی ئەوەی هێناوەتەوە لەمیانی زەمینلەرزەكانی دواتردا بێ مەبەست لەدەستی رژاوە، ئەوەش بەو واتایە دێت پیاوان زەمینلەرزەكەیان وەك بەهانە بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژی دژ بە ژنان بەكارهێناوە.

بەپێی ئەو راگەیەندراوانەی دامەزراوەی (كوشتنی ژنان رادەگرین) بڵاویكردووەتەوە، لە 6ی شوباتی 2023 كە رێكەوتی روودانی زەمینلەرزە وێرانكارەكەیە هەتا ئێستا 90 ژن لە توركیا و بەشێوەیەكی تەمومژاوی كوژراون، ئەوەش ئاماژەی پێكراوە كشانەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا  لە (بەڵێننامەی ئیستانبوڵ) تایبەت بە مافی ژنان لە ساڵی 2021، بووەتە هۆی زیادبوونی قەیرانی تووندوتیژیی دژ بە ژنان لە توركیا.

رێكخراوەكانی بواری مافی ژنانیش لە توركیا داوا لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەیان دەكەن ئاسایش بۆ كامپەكانی زیانلێكەوتووانی زەمینلەرزەكان دابینبكەن بەمەبەستی پاراستنی ژنان و كچان لە تووندوتیژیی خێزانی و پێشكەشكردنی پشتیوانیی بۆ ئەو ژنانەی لە هاوژینەكانیان جیابوونەتەوە لەگەڵ ئەو ژنانەش كە بەهۆی زەمینلەرزەكەوە كارەكانیان لەدەستداوە.

لە راپۆرتەكانی میدیای ناوخۆی توركیاشدا بڵاوكراوەتەوە، ژنان و كچان شەرمدەكەن لە داواكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانیان وەك پۆشاكی ژێرەوە، پێداویستییەكانی تایبەت بە سووڕی مانگانە و رێگریكردن لە دووگیانی، پزیشكانی خۆبەخشیش نۆرینگەی كاتییان دامەزراندووە بەمەبەستی دابینكردنی ئەو پێداویستیانە، بەڵام بەپێی وتەی پزیشكە خۆبەخشەكان "ژنان هێشتا لە حاڵەتی شۆكدان و بەدەست لێكەوتەكانی زەمینلەرزەكەوە دەناڵێنن، بۆیە پێویستیان بە هاوكاریی دەروونیی هەیە".
 

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئەلجەزیرە

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان