کوردستانی
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆتاییهات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر کۆبووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی ئابی 2023 بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی لە هەولێر کۆبووەوە و چەندین پرسی گرنگی تێدا باسکرا".
لە راگەیاندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە " بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی بە وردی دەربارەی گرنگیی کۆنگرە لە ژیانی حزبایەتیی یەکێتی و تێکۆشانی سیاسیی دوا و رایگەیاند "کۆنگرە بۆ جۆشدانەوەی زیاتری خەباتە لە پێناو سەرخستنی بەرنامەی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و باشکردنی ژیان و گوزەرانیانە، کە ئەوەش بنچینە و بەرنامەی ستراتیژی نەگۆڕی یەکێتییە".
باس لەوەشکراوە "بافڵ جەلال تاڵەبانی دوای گوێگرتن لە پێشنیاز و بیروڕای هەڤاڵانی سەرکردایەتی و پشتیوانیان لە پێویستی سازکردنی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو، وێڕای دەستخۆشی لە گیانی هەڤاڵانەیان، جەختیلەوەکردەوە بەپشتیوانی خوا کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و یەکگرتوو ئەنجام دەدەین، پێکەوە دەچینە کۆنگرە و پێکەوە بەسەرکەوتوویی دێینە دەرەوە".
بافڵ جەلال تاڵەبانی وتوشیەتی " بەدڵنیاییەوە نەریتی بەستنی کۆنگرە بەشێوەیەک ئاسایی دەکەینەوە کە وەک حزبەکانی رۆژئاوا دووساڵ جارێک کۆنگرە ببەستین".
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردووە " راسپاردەکانی دیداری یەکێتییش کە فراوانترین کۆبوونەوەی هەڤاڵانی یەکێتیی بوو لە هەموو ئاست، ئۆرگان و شارەکانی کوردستان، یارمەتیدەری هەموومان دەبێت بۆ گەڵاڵەی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو کە رای هەموو هەڤاڵانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەسەربێت".
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا پێشنیاریش کراوە کە لە کۆنگرە ئەنجومەنێکی کارا لە هەڤاڵانی تێکۆشەر دروست بکەین کە سەنگ و دەسەڵاتی هەبێت و یارمەتی ئێمە بدات لە سەرخستنی کارەکانمان.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە " بەشێکیتری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی سیاسیی کوردستان و عیراق و روانینە سەرکەوتووەکانی یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەکان، لەوبارەیەشەوە سەرۆکی یەکێتی روونکردنەوەی پێویستی دا و داوای لە هەڤاڵان کرد بە هەمان گیانی یەکهەڵوێستی و یەکگوتاریی یەکێتی کە بووەتە مایەی ستایش و دەستخۆشی دۆستانمان لە عیراق و هاوپەیمانەکانمان لە دونیا لە ئەرکەکانیان بەردەوامبن".
لە کۆتاییشدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی داوای لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کرد بەسەربەرزییەوە بچنەوە ناو هەڤاڵانیان و بەرەو کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو خەباتی یەکێتیانەیان جۆشبدەنەوە.
ر.ع
ر.ع