کوردستانی
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی لە پێنجوێن بۆردوومانکرد
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
دژەتیرۆری کوردستان رایدەگەیەنێت ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە نزیک گوندی زەنگدەر لە ناحیەی گەرمکی سەر بە قەزای پێنجوێن کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی ئابی 2023 دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند "لە کاتژمێر 1:30 خولەک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سووپای تورکیا، ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەیان لە نزیک گوندی زەنگیدەر لە ناحیەی گەرمکی سەر بە قەزای پێنجوێن بۆردوومانکردووە".
باسی لەوەشکردووە "بەهۆی ئەو بۆردوومانەی سووپای تورکیاوە بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکە سێ لەو چەکدارانەی سەرنشین بوون لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا کوژراون".
بۆ ئەم مەبەستە مەودا میدیا پەیوەندیکرد بە زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن و ئەویش رایگەیاند "ئاگاداری هیچ هەوڵێکی لەو شێوەیە نین و بۆ ئەو مەبەستەش نە ئاسایش و نە ناحیەی گەرمک هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو بۆردوومانە بە ئێمە نەداوە".