بنار محەمەد
گەرمیی ئاب و خوێنساردیی پارتی لە خیانەتی ٣١ی ئابدا
مانگی ئاب گەرمترین مانگی هاوینە لە کوردستان، مرۆڤ لە رۆژەکانی ئەو مانگەدا زیاتر بیری بۆ لای پشوودان و خۆ ئارامکردنەوە دەچێ، سەیران و گەشتکردن و چوونە شوێنی فێنک و هاوینەهەوارەکان،
بەڵام ساڵی ١٩٩٦ ئەو مانگە شووناسێکی دیکەی وەرگرت، پارتی دیموکراتی کوردستان شەڕی ناوخۆی گەرمترکرد و بەوپەڕی خوێنساردییەوە گەورەترین خیانەتی لە کوردستان و گەلەکەی و خوێنی شەهیدان کرد.
لە مێژووی بزووتنەوەی کوردایەتی خەڵکی کوردستاندا هێزی سیاسیی هەبوون تووشی هەڵە بوون و لە خەباتەکەیاندا کەموکوڕیی زۆر هەیە، بەڵام خیانەتکردن لە خەبات و گەل ئەوە جۆرێکە لە بێ مۆراڵیی سیاسی و مێژوو ناتوانێت چاوپۆشی لێ بکات.
پارتی پێچەوانەی ناوەکەی کە دیموکراتە، هەرگیز بڕوای بە ململانێی سیاسی و پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و بەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ هێزی سیاسیی تردا نەبووە، چەند بۆی کرابێت خۆی سەپاندووە و نەیارەکانی لەناوبردووە، کە رووبەڕووی شکستیش بووبێتەوە، شەرمی نەکردووە و لە ئاست دوژمنەکانی خۆی نەوی کردووە و داستانی خیانەتی بۆ خۆی تۆمارکردووە.
٣١ی ئاب، رەشترین مێژوو و گەورەترین خیانەتە لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکەش، هێزی نەوی و خوار کە نموونەکەی پارتییە هەرگیز ناتوانێت سەربەرزانە شان بداتە بەر رێگەی خەبات و کوردایەتی،
لەکاتێکدا هێزەکانی کوردستانی دەیانویست لەدوای راپەڕین حکومەتی کوردستان بخەنە سەر رێگەی نیشتیمانیی خۆی و چاکسازیی بکەن و بیکەنە هۆکاری خۆشگوزەرانیی خەڵک، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی هیچ رۆڵی لە راپەڕینی خەڵکی کوردستاندا نەبوو، بەڵام دەیویست خۆی بکاتە خاوەندار و کوێخای سیاسیی هەرێمی کوردستان و هەموو هێزەکانی دیکە بسڕێتەوە، لەپێناو ئەوەشدا شەڕی ناوخۆی هەڵگیرساند و دەستیچووە خوێنی براکانی و کاتێکیش نەیتوانی بە ئامانجەکانی بگات و هێزە رەسەنەکانی کوردستان لەناوببات، دەستی بۆ راکێشانی رەشترین کارت برد کە ئەویش خیانەتی ٣١ی ئاب بوو و دەبابەی دوژمنی هێنایە سەر پەرلەمانی کوردستان کە بۆ یەکەمجار بوو لە مێژوودا کورد پەرلەمانی خۆی هەبێت.
٣١ی ئابی پارتی نە یەکەمین و نە دوایەمین خیانەتی پارتی بووە و دەبێت، بەڵام رەشترین رۆژی مێژووی پارتی و گەورەترین خیانەتە کە مەگەر هەر خۆیان دڵیان پێیخۆش بێت و شانازیی پێوەبکەن.
٣١ی ئاب دەریخست کە نهێنیی مانەوەی پارتی چییە لەو هەموو ساڵەی تەمەنیدا، نهێنییەکە خۆ نەویکردن و رادەستبوونێتی بەرامبەر دوژمنەکانی، رازی بوون بە هەموو کار و خیانەتێک تەنها لەپێناو مانەوەیەکی شەرمنانە و ریزکردنی ساڵ و ژمارەگەلێک کە هیچ شانازیی تێدا نییە.
٣١ی ئاب وای لێکردووین لەبری ئەوەی هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ هێزێکی سیاسیی وەکو پارتی لەناو هەرێمی کوردستاندا بخوازین، کەچی دەبێت بەردەوام دەست بە نزا بین پارتی خیانەتێکی تر نەکات و مێژووی خۆی رەشتر نەکات و ئازاریی رۆحی و جەستەیی نەتەوەکەمان و کوردستان نەدات.