بنار محەمەد

بنار محەمەد

کۆتایی شەڕەکان و گەڕانەوەی هیوا


‎ئێستا سێ شەڕی مرۆڤ وێرانکەر دەبینین، کەمترین هەوڵی جدیش بۆ کۆتایی پێهێنان نادرێ، ئەگەرچی قسە لەبارەی بەرقەرارکردنی ئاشتییەوە هەیە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی وا نییە کە مرۆڤ هیوادار بکات.
‎شەڕی رووسیا- ئۆکرانیا، شەڕی ئیسرائیل- بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی (حەماس)، شەڕی ناوخۆیی سوودان لەنێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی فریاکەوتنی خێرا، بوونەتە ناونیشانی بێزراوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، زیانە مادی و مرۆییەکان هێندە زۆرن، مرۆڤی ژیر و بەویژدانی تووشی سەرسوڕمان کردووە.
‎هەریەک لەو سێ شەڕە، جگە لە ویستی شەڕخوازیی ناوخۆیی سەرۆک و سەرکردەکان، لەهەمانکاتدا هۆکاری دەرەکی رۆڵی کاریگەریی نەرێنی لە هەڵگیرسان و بەردەوامبوونیدا هەیە، هەر بۆیە چارەسەرکردنەکانیش تەنها پەیوەست نییە بە ویستی ناوخۆییەوە، بەڵکو سیاسەت و ویست و پلانی دەرەکیش کاریگەریی لەسەریان هەیە، ئەوە بارودۆخەکەی قورستر کردووە
‎شەڕەکان لەسەر سێ ئاست، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییان تووشی داڕمان کردووەتەوە:
‎یەکەم: ژێرخانی ئابووریی هەریەک لەو وڵاتانە وێران دەبێ، بێکاری و برسیەتی بەرۆکی جیهان دەگرێ.
‎دووەم: سەرخانی شارەکان بەتەواوی تێکچوون، باڵەخانەکانی ژیان، زانکۆ، رێگەوبانەکان و.. هتد، بوونەتە وێرانە، شەڕیش کۆتایی بێت، ئەوا سەدان ملیار دۆلار و چەندین ساڵیان بۆ چاککردنەوەی دەوێ.
‎سێیەم: لەوانی دیکە مەترسیدارتر کوژرانی ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ و برینداربوون و کەمئەندامبوونیانە، هەروەها تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و دەرکەوتنی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بێ هیوایەکی خنکێنەر.
‎شەڕەکان کۆتاییان دێن چەند درێژەش بکێشێن، مرۆڤەکان زیندوونابنەوە، خەمەکان درێژەیان بەبێ، برینەکان بەئاسانی ساڕێژنابن، هەوڵی یەکجار زۆری دەوێ هیوا بۆ مرۆڤەکان بگەڕێنەوە، بەلای منەوە ئەمە قورسترینیانە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan