بنار محەمەد
یەکێتیی نوێ و نوێبوونەوەی راستەقینە
هاتنەوەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتێكدایە کە ئەمساڵ زۆر رووداو و گۆڕانکاریی بەڕێوەن، کەوا رەنگە کاریگەریی زۆریان لەسەر داهاتووی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراق هەبێت، بەو پێیەی یەکێتیی هێزێکی سەرەکی و راستەقینەی سەر گۆڕەپانی سیاسیی و فەرمانڕەواییە، دەکرێت نەخشی دیاری لەسەر ئەو رووداو و گۆڕانکارییانە هەبێت.
یەکێتیی نوێ، ریزێکی یەکگرتوو و سەرکردایەتییەکی لە جاران تۆکمەتری هەیە، سەرۆکێکی گەنج و پڕ وزە و ژیر و وریای هەیە، ئەوە دەرفەت دەڕەخسێنێت بەو هەموو خاڵە بەهێزەوە بتوانێت یادکردنەوەکەی بکاتە خاڵی وەرچەرخانی زیاتر و بەهێزێکی نوێ و کارایانەترەوە بەشداریی هەڵبژاردن بکات و سەرکەوتنی گەورە تۆماربکات.
دامەزراندنی یەکێتی لە رۆژگاری شەوەزەنگدا، بووە هیوا و رووناکی رێگەیەکی بە تاریکی سپێردراو، یەکێتیی جێگەی کەس و هێزێکی نوێی نەگرتەوە، بەڵکو بووە رێگە و رێبازێکی نوێ لە جۆشدانەوەی شۆڕش و خەبات و لەگەڵ هەر چرکەساتێکی تەمەنیدا، سەرکەوتنێکی نوێ و بێ وێنەی تۆمارکردووە، مێژوو شاهیدی ئەو راستیانەیە
پرۆسەی نوێبوونەوە لە ریزەکان و سەرکردایەتیی یەکێتیدا، هەندێکجار و بە هۆکاری جیاواز، ویستراوە بووەستێنرێت، بەڵام هەرگیز نەوەستاوە، هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ ئاشتی و یەکڕیزی و یەک وتاری لە پێناو کورد و دۆزە رەواکەی، ئەوەشی وەکو ئەرکی نیشتمانیانەی خۆی کردووە و باسکردنیشی بۆ عیبرەتە نەک منەت.
قۆناغ گۆڕاوە، یەکێتیی ستراتیژ و بەرنامەی نوێی هەیە و داناوە، بەڵام شتێک لای یەکێتیی نەگۆڕە ئەویش خەباتی نیشتمانی و پاڵپشتیی خەباتی نەتەوەیی کوردە لە هەر کوێیەک بێت، سەربەخۆیی کوردستان و پاراستنی شکۆی تاکی کورد لای یەکێتیی هێڵی نەگۆڕی خەباتی بێ وچانێتی.