کوردستانی
نوێنەری وانەبێژان: تەنها بۆ وانەبێژان باری دارایی حکومەت باش نییە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت نووسراوێکمان بەدەست گەیشتووە کە تێیدا بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم 61 کەس لە سنووری پارێزگای دهۆک دامەزرێندراون و حکومەتیش دەڵێت: باری داراییمان باش نییە.
ئەمڕۆ هەینی 1ی ئەیلولی 2023 عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لە چەند رۆژی رابردوودا دوور لە پرەنسیپ و بەبێ رەچئوکردنی بنەماکانی دامەزراندن و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم، هەندێک لایەن هەستاون بە دامەزراندنی 61 کەس لەسەر میلاکی ئەو شوێنانی کە بەرانبەر ناوەکانیان دیاریکراوە بەشێوەی گرێبەست".
روونیشی کردووەتەوە "هەموو کەس مافی دامەزراندنی هەیە، بەڵام بەپێی رێنمایی نەک بۆ ئەو کەسانەی دەست رۆیشتوون و خاوەن واستەن".
جەختیشی کردووەتەوە "سەرۆکی حکومەتی هەرێم باس لەوە دەکات کە باری دارایی حکومەت باش نییە، بەڵام تەنها بۆ مامۆستایانی وانەبێژ باش نییە و ئەوانەی دەست رۆیشتوون و خاوەن واستەن باری دارایی باشە و خوای گەورە ئەو شتە قبووڵ ناکات، دڵنیابن".
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ باسی لەوەشکردووە "چەندین کچە شەهید و تاقانەی ئەنفال هەیە کە دانەمەزرێندراون، مەڵێن دامەزراندن نییە، بڵێن واستەیان نییە".