کوردستانی
شاری سلێمانی سەوزتر دەکرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی رایدەگەیەنێت لە بلوارەکانی بازنەیی مەلیک مەحمود و تاسڵوجە عەرەبانەی گالیسکە، پیانۆ، چەرخە دادەنرێت کە لە تەختە دروستکراون و لەسەر شێوازی کۆن رووپۆشکراون و بە گوڵ رازێندراوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 2ی ئەیلولی 2023 باهۆز سالار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لە بلوارەکانی بازنەیی مەلیک مەحمود و تاسڵوجە عەرەبانەی گالیسکە، پیانۆ، چەرخە دانراوە کە لە تەختە دروستکراون و لەسەر شێوازی کۆن رووپۆشکراون و بە گوڵ رازێندراوەتەوە و رێژەیەکی زیاتریش دادەنرێت".
باسی لەوەشکردووە "بەپێی ئەو بودجەیەی بۆمان دیاریکراوە ماوە ماوە چەند دانەیەک لەم چەرخە و عارەبانە گالیسکانە دروست دەکەین و لە شوێنە جیاوازەکانی شاردا دایدەنێین".
ئاماژەی بەوەشکرد "لە دوای 15ی ئەم مانگەوە هەڵمەتی چاندنی نەمام دەستپێدەکەین و ئەو نەمامانەی کە هەمانە و لە کۆگاکاندا دانراوە هەمووی لەسەر شەقامی گشتییەکان و سەرپرد و ژێر پردەکانی سلێمانیدا دەنێژین".
روونیشی کردووەتەوە "لەئێستاشدا سەرقاڵی چاککردنی سەرپردی بەردەم نەخۆشخانەی بەخشینین کە ماوەی نزیکەی 10 رۆژە کارکردن تێیدا بەردەوامە و دواتر لە نزیک فامیلی مۆڵ و بەنزینخانەی بینایی کۆمەڵێک شوێن هەیە کە کاری لێدەکەین بۆ سەوزترکردنی شار".