کوردستانی

یەکێتی: دەبێت سەرۆک وەزیرانی عیراق کێشەی کەرکوک چارەسەر بکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەکێتی: دەبێت سەرۆک وەزیرانی عیراق کێشەی کەرکوک چارەسەر بکات
مەودا میدیا-

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی خۆپیشاندانەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی شاری کەرکوک راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "بەداخەوە بارودۆخی دژواری کەرکوک بەهۆی شەڕکردن لەسەر بارەگای حزبی و ململانێی هێزە سیاسییەکانی ناو کەرکوک درێژەی کێشاوە گەیشتە پێکدادان و بەریەک کەوتن و شەهید و برینداریش کە ئەمانە قوربانی بێباکی سیاسی و نیشتمانییە".

ئاماژە بەوەکراوە "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سێ رۆژە لەسەر هێڵە لەگەڵ حکومەتی عیراق کە پێویستە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و حکومەتیی خۆی جێبەجێ بکات، تا ئاڵۆزییەکە سەر نەکێشێت بۆ بەریەک کەوتن و رژانی خوێنی هاووڵاتیانی کورد و پێکهاتەکان، بە پێچەوانەوە دەکرا بە  لێکگەیشتن لەگەڵ پارت و حزبەکانی کەرکوک گرفتی  بارەگا تەشەنە نەستێنێ  کە ببێتە کێشەیەکی گەوەرە لە شارەکەدا، ئێستاش کاتی ئەوەیە سەرۆک وەزیران کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراقیشە، راستەوخۆ بێتە ناو کێشەکە و لەگەڵ حکومەتی محەلی شارەکە و هێزەکانی سوپا و حەشد ئەم کێشەیە بنبڕ بکەن، ئەگینا وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەماوەری کەرکوک لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ئاشتی دانیان بە خۆیدا گرتووە. چاوەروانیشمان لە حکومەت و لایەنەکانی تری کەرکوکیش ئەوەیە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن".

ئێوارەی ئەمڕۆ کوردانی شاری کەرکوک دژی گرتنی رێگەی کەرکوک - هەولێر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، لە ئەنجامدا دوو گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش برینداربوون.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan