کوردستانی
خۆپیشاندان لە کەرکوک دەستیپێکردەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
لە گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکوک و نزیک پەیکەری مامەڕیشە خۆپیشاندانی کوردانی شارەکە دەستیپێکردەوە و داوا دەکەن گەڕەکی رەحیماوا و شۆراو نەکرێتە سەربازگە.
بەپێی زانیارییەکانی مەودا میدیا، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییە کوردەکانی گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکوک خۆپیشاندانێکیان رێکخستووە بۆ ئیدانەکردنی شەهیدبوونی چوار هاوڵاتیی کوردی شارەکە و دەستگیرکردنی نزیکەی 50 کەس بەتۆمەتی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکاندا.
هەر بەپێی زانیارییەکان، خۆپیشاندانەکە بۆ ئیدانەکردنی هەڵمەتی رەشبگیریی گەنجانی کوردە لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی 2ی ئەیلول.
مەودا میدیا ئەوەشی زانیوە، ئامانجی خۆپیشاندەران بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری مامە ریشە گەیاندنی دەنگیانە بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی کەرکوک و چۆڵکردنی کەرکوک لەلایەن حەشدی شەعبی و سووپای عیراقەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە 2ی ئەیلولی 2023 خۆپیشاندان لە کەرکوک دەستیپێکرد و هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک چوار کەسیان لە خۆپیشاندانەکاندا شەهیدکرد و نزیکەی 13 کەسی دیکەش بە تەقەکانیان برینداربوون، هەر لەو خۆپیشاندانەشدا نزیکەی 50 کەس بەتۆمەتی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکران.
ر.ع