کوردستانی
شەقامێکی گرنگی سلێمانی نوێدەکرێتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت دیزاینێکی نوێ بۆ شەقامی سەەکیی سلێمانی – عەربەت دەکەین و ئەمڕۆش سەرجەم ئەو شوێنانە بە شۆفڵ لابران کە زیادەڕەوییان کردبوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئەیلولی 2023 سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند "دیزاینێکی نوێ بۆ شەقامی سەرەکیی سلێمانی – عەربەت جێبەجێ دەکەین و هەر ئەمڕۆش هەڵمەتێکی لابردنی سەرپێچیی و زیادەڕەوییمان بۆ ناوچەکە ئەنجامدا کە پێشتر ئاگادارمان کردبوونەوە".
باسی لەوەشکردووە هەڵمەتەکە بە هاوکاریی بەشی ئامێرەکان و بەشی پۆلیسی شارەوانیی و بەهاوکاری هێزی لیوای تایبەت و هێزی ئاسایشی سلێمانی ئەنجامدرا و تەواوی زیادەڕەوییەکان لابران".
لەم بارەیەشەوە زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "دیزاینە نوێیەکە هەر لە فولکەی تانجەرۆوە تاوەکو بازگەی سلێمانی عەربەت دەستپێدەکات".
جەختیشی کردەوە "رێگەکەی ئێستا هەرچەندە دوو سایدە، بەڵام زۆر خراپە و رووداوی هاتوچۆی زۆر لەو سەر رێگەیە روودەدات و دیمەنێکی ناشرینیشی هەیە".
زەردەشت رەفیق ئاماژەی بەوەشکرد "لە دیزاینە نوێیەکەدا، شەقامەکە دیزاینێکی سەردەمییانەی دەبێت و لە هەردوو سایدەکەوە شۆستەی بۆ دروستدەکرێت و فراوانتریش دەکرێت".
وتەبێژی شارەوانی سلێمانی وتیش "بە زووترین کات دەستدەکەین بە جێبەجێکردنی دیزاینە نوێیەکە بۆ رێگەکە و مەبەستیش لێی جوانکردن و کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆیە لەو رێگەیە".