کوردستانی

چی بەسەر پارەی گەنمی جوتیاراندا هاتووە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


چی بەسەر پارەی گەنمی جوتیاراندا هاتووە؟
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
 
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی سلێمانی رایدەگەیەنێت بەداخەوە وەزارەتی بازرگانی عیراق دەبوایە کۆی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی بناردایەوە و تاوەکو ئێستا تەنها دووجار بڕە پارەی بۆ جوتیارانی هەرێم ناردووە و بڕەکەشی زۆر کەم بووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئەیلولی 2023 کاسترۆ مەعروف، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بەداخەوە وەزارەتی بازرگانی عیراق بە کاری خۆی هەڵنەستاوە و دەبوایە کۆی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی بناردایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها دووجار بڕە پارەی بۆ جوتیارانی هەرێم ناردووە و بڕەکەشی زۆر کەم بووە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "ماوەی چەند مانگێک بەسەر ئەو بابەتەدا تێپەڕیوە و جوتیاران نیگەرانن کە وەک ساڵانی پێشوویان لێبەسەر بێت، لێرەدا ئێمە وەک لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە نووسراوی فەرمیی ئاراستەی نووسینگەی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە کە نووسراوەکەمان ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی بکەن تاوەکو دەستبەجێ پارەی جوتیاران سەرفبکرێت".
 
جەختیشی کردووەتەوە "داواکارین لە جوتیارەکان کە بێدەنگ نەبن و دەبێت پارەکەیان بۆ سەرف بکرێت و دەبێت فشارێکی مەدەنیانەی تەواو لە سەرجەم ناوچەکانەوە بکرێت".
 
کاسترۆ مەعروف وتیشی "نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران هیچ جموجوڵێکیان نییە و داکۆکیکاری سەرسەختی مافی جوتیارەکانی هەرێمی کوردستان نین".
Qaiwan
Qaiwan