کوردستانی

بڕیارێکی حکومەتی عیراق دەبێتە زیان بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


بڕیارێکی حکومەتی عیراق دەبێتە زیان بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی رایدەگەیەنێت نرخی سەرجەم بەرهەمە کشتوکاڵییەکان جێگیرە، ئاماژەی بەوەشکرد حکومەتی عیراق بڕیاری داوە لە هەفتەی داهاتووەوە گومرگ لەسەر نۆ بەرهەم لابەرێت ئەمەش زیان بە جوتیارانی هەرێم دەگەیەنێت.

عەتا محەمەد، نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "جوتیارانی سلێمانی داوامانکردووە قەدەغە لەسەر چەند بەرهەمێک هەڵبگیرێت کە لە هەرێمی کوردستان کە هاوتای نەماوە ئەوانیش، قۆخ و سێوە، دوێنێ قەدەغە لەسەر بەرهەمی قۆخ هەڵگیرا".

ئاماژەی بەوەکرد "حکومەتی عیراق بڕیاری داوە لە هەفتەی داهاتووەوە گومرگ لەسەر نۆ بەرهەم لابەرێت لە سنوورەکانی خۆیەوە، بەم بڕیارەش جوتیارانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت ناوچەکانی پێنجوێن و بەردەڕەش و چڕە زەرەرمەندی یەکەم دەبن، چونکە بەرهەمێکی زۆری پەتاتە لە کۆگاندا هەیە، هەروەها بەرهەمێکی زۆری پیاز و تەماتە و خەیار لە پێنجوێن هەیە".

نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی وتی "بۆیە داواکارین حکومەتی عیراق ئەو بڕیارە تا مانگێکی دیکە رابگرێت، بۆ ئەوەی جوتیارانی هەرێمی کوردستان تووشی زیان نەبن".

وتیشی "نرخی سەرجەم بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەئێستادا گونجاوە و نرخی هیچ بەرهەمێک بەرز نییە، هەروەها بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کاریگەریی لەسەر جوتیاران هەیە، چونکە ئەو پێدوایستییەیانەی بۆ بەرهەمەکانیان دەیکڕن بە دۆلارە، بەڵام لەبازاڕدا بەهۆی ئەوەی زۆربەی بەرهەمەکان ناوخۆن کاریگەری ئەوتۆی نییە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan