کوردستانی

هەسەدە كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەكان دێنێت و چەكدارانی یاخی هەڵدێن

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەسەدە كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەكان دێنێت و چەكدارانی یاخی هەڵدێن
مەودا میدیا-

دوای چەندین رۆژ لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ چەکدارانی یاخیبوو لە هێزەكانی سوریای دیموكرات لە دێرەزووری رۆژئاڤا، هێزەکانی سوریای دیموکرات، چالاكییەكانی هەسەدە كۆتاییهات و چەكدارانی یاخیبوو ناوچەكەیان بەجێهێشت.

فەرهاد شامی، وتەبێژی میدیایی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئەیلولی 2023 راگەیاند " ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە شاری زیبان کۆتایی هاتووە".

بەپێی راگەیەندراوی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ش، شارۆچکەکە بە تەواوی لە چەکدارەکان پاککراوەتەوە و لەئێستادا لەو ناوچەیە دۆخەكە بەرەو ئارامیی دەڕوات پاشئەوەی چەكدارە یاخیبووەكان هەڵهاتوون بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی سوریا، كە پێشتریش هەر لەوێوە چوونەتە ناو دێرەزوور.

روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە پێكدادانەكان دەڵێت، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە پارێزگای دێرەزوور رووداوەكان روویاندا و 90 کەس لە ئەنجامدا کوژراون کە زۆربەیان شەڕڤان بوون، بەڵام 9 هاوڵاتیی مەدەنیشی تێدابووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك لە چەكدارانی هۆزە عەرەبەكانی دێرەزوور بەرامبەر هەسەدە چەكیان هەڵگرت و رووبەڕوویان بوونەوە، بەپێی راگەیەندراوەكانی هەسەدە ئەو چەكدارانە ژمارەیەكیان لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی ئەسەد و ئەوانی دیكەش لە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا بوون روویانكردووەتە ناوچەكە و رووبەڕووی شەڕڤانان بوونەتەوە.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan