کوردستانی

بازرگانەکەی عەلوەی سلێمانی نیوەی قەرزەکانی دایەوە خاوەنەکانیان

مەودا میدیا - سلێمانی |


بازرگانەکەی عەلوەی سلێمانی نیوەی قەرزەکانی دایەوە خاوەنەکانیان
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان 
 
سەرۆکی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی رایدەگەیەنێت ئەو بازرگانە بەڕەگەز عەرەبەی کە نزیکەی ملیار و نیوێک دیناری وەک قەرز لە کۆمەڵێک خاوەن عەلوەی سەوزە و میوە بردبوو، نیوەی گەڕاندەوە بۆیان.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئەیلولی 2023 سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو بازرگانە عەرەبەی سێ مانگ لەمەوبەر و لە رۆژی 18ی حوزەیران بەنزیکەیی بڕی ملیارێک و 400 ملیۆن دینار بە قەرز بەروبوومی لە عەلوەی سلێمانییەوە هەناردەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق کردبوو، بڕێکی پارەکەی بۆ خاوەنەکانی گەڕاندەوە".
 
روونیشی کردەوە "بازرگانەکە لە چەند رۆژی رابردوودا کەمتر لە نیوەی قەرزەکەی کە لەلای بووە گەڕاندووەتەوە بۆ 50 خاوەن عەلوەی سلێمانی، بەڵام خۆی دەرنەخستووە".
 
وتیشی "ئەو خاوەن عەلوانەی پارەکەیان لەلایەن ئەم بازرگانەوە بردرابوو، بەنیازبوون سکاڵای لەسەر تۆماربکەن و پۆلیس و ئاسایشیش پێیان راگەیاندین کە گەر بتانەوێت ئێمە دەتوانین لە سەرتاسەری عیراق ئەو بازرگانە لە هەر شوێنێک بێت دەستگیری بکەین، بەڵام بەدانەوەی نیوەی قەرزەکە ئەو بیرۆکەی سکاڵایە لەلایەن خاوەن قەرەکانەوە کشاوەتەوە".
 
جەختیشی کردەوە "بەدیاری کراوی نازانرێت کە چەند بڕە پارە لەلای ئەو بازرگانەیە، بەڵام لەئێستادا بۆ هەر کەسێک کە خەرزاری بووە بڕی %40ی پارەکەی پێداوەتەوە و خاوەنەکانیش لەو بڕەی کەماوە خۆشبوون".
Qaiwan
Qaiwan