کوردستانی

ئاوی سلێمانی: ئێمە بەرپرس نین لە ئاوی شەمعە نایاساییەکان

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئاوی سلێمانی: ئێمە بەرپرس نین لە ئاوی شەمعە نایاساییەکان
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی، لەبارەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "شەمعە نایاساییەکان هۆکارێکی تووشبوونن بە نەخۆشی".

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی رایگەیاند"سەرچاوەی ئاوی هەردوو پرۆژەی دوکانی یەک و دوو بریتییە لە بەنداوی دوکان کە دەکەوێتە سەر زێی بچووک، پاش وەرگرتنی ئاو لە بەشی خوارووی بەنداوەکە لە نزیک قەشقۆڵی و ناردنی بۆ پڕۆسەی نیشتن و فلتەرکردن و پاکژکردنەوە بەکلۆر و بەهەندێک مەوادی دیکە، ئاوێکی پاک و شیاو بۆ خواردنەوە بەرهەم دەهێندرێت، رۆژانە لەلایەن تیمەکانی خۆپاراستنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانییەوە چەندین نموونەی لێوەردەگیرێت و پشکنینی بایۆلۆژی و کیمایی و فیزیایی بۆ دەکرێت".

ئاماژەی بەوەکرد "ئێمە بەرپرس نین لە چەند شەمعەیەکی نایاسایی کە لەسەر چەمی تانجەڕۆ و قلیاسان یان بیری سەتحی ماڵان و شوێنە گشتییەکان کە ئاوەکانیان شیاو نین بۆ خواردنەوە و بەکاردەهێندرێن، تەنانەت هەندێکیان کراون بە شەمعەی ئاو و ئاوی لێدەفرۆشن بەبێ هیچ چاودێرییەک لەسەر جۆری ئاوەکە کە پیسن و بەناوی ئاو بۆ کاری ئاوەدانی باخ و بیناسازی کاردەکەن، لەکاتێکدا بەبێ گوێدانە تەندروستی هاوڵاتییان ئاوەکەیان بەتانکەر بە ماڵان دەفرۆشن".

ئەوەشخراوەتەڕوو "لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە ئەندامێتیی بەڕێوەبەرایەتیمان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ داخستنیان و رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر بەمەبەستی داخستنیان تاوەکو کاتی پابەندبوونیان بە یاسا و رێنماییەکان و چەندین جاریش هاوڵاتییانمان ئاگادارکردووەتەوە کە ئاوی ئەو تانکەرانە بەکارنەهێنن کە لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییان پێوەنییە، چونکە ئێمە بەهیچ جۆرێک لێیان بەرپرس نین و چاودێریی ئەو ئاوانەیان ناکرێت کە دەیگوێزنەوە و دەیفرۆشن".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan